وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: داوا لە هاووڵاتیانمان دەکەین سەردانی عێراق نەکەن

تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی تەممووزی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کیڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین، هەروەها ئەو هێرشانە سەقامگریی عێراق و داهاتووی ئابووری وڵاتەکە لاواز دەکات.

گوتیشی: حکوومەتی عێراق ئەرکی پاراستنی سەروەری خاکەکەیەتی و هێرشەکان کۆمپانیا بیانییەکانی کردووەتە ئامانج، کە  وەبەرهێنان لە داهاتووی وڵاتەکە دەکەن. 

هەروەها ڕایگەیاند، ئەمەریکا پابەندە بە پارێزگاری لەو هاوبەشانەی لە عێراق کاردەکەن و ئامانجیان سوود گەیاندنە، چونکە ئەمەریکا خوازیارە عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەری و سەقامگیر بێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە چاودێریی دۆخی عێراق، هەر چەندە ئەو کارمەندانەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکایان لە عێراق جێهێشت بوو، قۆناغ بە قۆناغ دەگەڕێنەوە، بەڵام داوای لە هاووڵاتییانی ئەمەریکی دەکەم، سەردانی عێراق نەکەن.

دەربارەی دۆخی سووریا، تامی برووس داوای کرد، هەموولایەنەکان بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارە بکەن؛ گوتیشی: هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخی سووریا دەدەین و توندوتیژییەکانی سووریا سەرکۆنە دەکەین، پێویستە بە گفتوگۆ کێشەکان چارە بکرێن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە گوتی: پێویستە هەموولایەنەکان هەوڵی هێورکردنەوە گرژییەکان بدەن، چونکە سەرۆک ترەمپ لەگەڵ سووریایێکی سەقامگیرە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment