سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەکان کۆبووەوە

کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و نوێنەری پارتە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە کۆتاییهات و بڕیار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆمسیۆنێک پەیوەست بە چەکدانانی پەکەکە دابمەزرێت.
ئەمڕۆ هەینی، 18ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەربارەی دروستکردنی ئەو کۆمسیۆنەی بۆ سەرخستنی ئاشتی بڕیارە دروستبکرێت کۆبووە.
لە میانی دیدارەکەدا لەیەنەکانی بەشداربوو، بیروڕایان لەسەر شێوازی کارکردن و پرۆسەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکیان بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەی ئاشتی ئاڵوگۆڕ کرد، کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیارە ڕاگەیەندرێت.
کورتوڵموش جەختی لە بەرپرسیارێتییەکانی پەرلەمان لە بنیاتنانی ئایندەیەکی سەقامگیر و هەبوونی ئاشتی لە وڵاتەکە دا کردەوە.
کۆبوونەوەکە دووکاتژمێر و نیو بەردەوام بووە، بەگوێرەی زانیارییەکان باس لەوەش کراوە پێویستە میکانیزمێک بۆ دامەزراندنی ئەو کۆمسیۆنە هەبێت، بەگوێرەی یاسا دادەمەزرێت یان بە بڕیاری سەرۆکی سەرۆکی پەرلەمان دادەمەزرێت.
هەروەها راگەیەندرا، ڕێککەوتن کراوە کۆمیسیۆنەکە لە 45 ئەندام پێکبێت، ئاکپارتی 13، جەهەپە 7 ، دەم پارتی و مەهەپە و یەنی یۆل یەکەی 3 ئەندامییان دەبێت و پارتەکانی دیکە یەک ئەندامییان نوێنەرایەتیی پارتەکەیان دەکات لەکۆمیسیۆنەکە دا، هەروەها ئەندامانی سەربەخۆش بە تیروپشک هەڵدەبژێردرێن. ئەرکی کۆمیسیۆنەکە بریتییە لە ئامادەکردنی زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی چەک دانانی پەکەکە، ئەوەش لەرێگەی ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسا و ناردنی بۆ ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان، بەمەبەستی پەسەندکردنی.
هاوکات سەرۆکی پەرلەمان داوایکردووە، سەرجەم لایەنەکان ناوی ئەندامەکانیان بنێرن، پێش ئەوەی پەرلەمان بکەوێتە وەرزی پشوودانەوە.