وەزارەتی ناوخۆی سووریا هەواڵی چوونی هێزە ئەمنییەکان بۆ نێو سوەیدا ڕەتدەکاتەوە

وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند: ھێزە ئەمنییەکان نەچوونەتە ناو شاری سوەیدا باشووری ئەو وڵاتە و ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دەنگۆیەی کە لەوبارەیەوە بڵاوکراوەتەوە، دوورە لە ڕاستییەوە.

هەینی، 18ـی تەممووزی 2025، نوورەددین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەیەک میدیا، ھەواڵێکیان لەبارەی چوونی ھێزە ئەمنییەکان بۆ ناو شاری سوەیدا بڵاوکردەوە.

نورەددین بابا، ڕاشیگەیاندووە: بەھەموو شێوەیەک ئەو ھەواڵە ڕەت دەکەینەوە و داوا لە میدیاکان دەکەین کە ھەواڵ و زانیاری ناڕاست بڵاونەکەنەوە.

باسی لەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا ھێزە ئەمنییەکان نەچوونەتە ناو شاری سوەیدا، بەڵام خراونەتە ئامادە باشییەوە.

پێشتر دەنگۆی ئەوە لە میدیاکاندا بڵاوکرابوویەوە کە ھێزە ئەمنییەکانی سووریا، چوونەتە ناو شاری سوەیدا.

 ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دوابەدوای ڕووداوەکانی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا، ڕایگەیاند ،دەوڵەتی سووریا بە ئیرادەیەکی تەواوەوە دەستوەردانی کرد بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕە ناوخۆییەی کە لە سوەیدا ڕووی دا و هەروەها گوتی: درووزەکان بەشێکی دانەبڕاون لە سووریا و پاراستنی ماف و ئازادییەکانیان لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتە.

ڕۆژی یەکشەممەوە،13ـی تەممووزی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕوویدا و بەو هۆیەوە 360 کەس کوژراون و بە سەدانیش بریندارن، کە هەندێکیان سەربازی هێزەکانی سووریان.