عەبدوڵڵا شێرکاوەیی: بەکرێدانی بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگەکان حەرامە
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەکرێدانی بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگەکان بەمەبەستی وەرگرتنی بڕە پارەیەک لەلایەن خاوەن بڕوانامەکەوە حەرامە، چونکە دەچێتە چوارچێوەی فێڵکردن(غەش).
رۆژی شەممە 19ـی تەممووزی 2025، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی بە ماڵپەڕی کوردستان 24 ـی ڕاگەیاند:" ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، فەتوای لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ داوە، کە ئێستا لەنێو خەڵکدا خەریکە دەبێتە دیاردە، لەوانە بەکرێدانی بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگەکان لەلایەن گەنجانەوە بە کەسانی دیکە بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیەک، ئەمەش بەهەموو شێوەیەک حەرامە، دەبێت هەموو کەسێک خۆی ماندوو بێت بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە، نابێت بازرگانی بە ماندووبوونی کەسی دیکەوە بکرێت.
بەگوێرەی گوتەی عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگەکان بە فێڵ( غەش) یاخود کڕینی بە بڕە پارەیەک، دەچێتە چوارچێوەی ناپاکییەوە و ئەو کەسەی بڕوانامە بەڕێگای نایاسایی و ساختە بەدەست دەهێنێت، لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا بە گەندەڵ دادەنرێت و بە پێی ئاینی ئیسلام حەرامە.