وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: كورد و درووزه‌كان لە سووریای ئەحمەد شەرع له‌ مه‌ترسیدان

جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، ئەحمەد شەرع پشتیوانیی جیهادیە دەستدرێژیکارەکان دەکات و زۆر ترسناکە لە سووریای ئەودا کورد یاخود دروز بیت.

جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریای دایەوە و ئاماژەی بەوەدا "گوتارەکەی شەرع پشتیوانی بوو لە جیهادییەکان و بەدەوەییەکانی وەکوو کەسانی خاوەن شەرەف و بەها وەسف کرد. هەروەها دژی دروزەکان قسەی کرد کە قوربانین. پوختەی قسەکە ئەوەیە لە سووریای سەردەمی ئەحمەد شەرع زۆر ترسناکە کورد یاخود دروزبیت، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووشدا ئەمە سەلمێنراوە."

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختیشی لەوە کردەوە "ئەرکی پاراستنی کەمینەکانی سووریا، لەسەر شانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە."

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەنقەرە و هەروەها نوێنەری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا لەسەر ئاگربەستێک ڕێککەوتوون کە جێی ڕەزامەندی تورکیا و ئوردن و دراوسێکانی دیکەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە کۆتایی بە "خوێنڕێژی" لە سوەیدا بهێنرێت و لێکۆڵینەوەی "بێلایەنانە" لە تووندوتیژییەکان بکرێت، کە بە گوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوان 700 کەسی تێپەڕاندووە.