ڤێتنام.. بەلەمێکی گەشتیاری وەرگەڕا و 38 کەس مردن

بەلەمێکی گەشیتاری لە کەنداوی هالۆنگ لە ڤێتنام وەرگەڕا و لە ئەنجامدا 38 کەس لە سەرنشینەکانی مردن و چارەنووسی ژمارەیەکی دیکەشیان نادیارە.
یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری گوتەبێژی حکوومەتی ڤێتنام، بڵاوی کردەوە "بەلەمێکی گەشتیاری لە کەنداوی هاڵۆنگ، لە ڤێتنام وەرگەڕا و لە ئەنجامدا 38 کەس مردن و ژمارەیەکی دیکەشیان تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە. تیمەکانی فریاگوزاری لە گەڕان بە دوای ڕزگاربوواندا بەردەوامن."
بەلەمەکە، پاشنیوەڕۆی دوێنێ شەممە، وەرگەڕاوە و ٤٨ گەشتیار و پێنج کارمەندی هەڵگرتبوو، ئەمەش بە یەکێک لە خراپترین ڕووداوەکانی وەرگەڕانی بەلەم لەم ساڵانەی دواییدا لەو ناوچە گەشتیارییە بەناوبانگەکەدا دادەنرێت.
حکوومەتی ڤێتنام لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "مردنی لانیکەم 38 کەس لە سەرنشینانی بەلەمەکە پشتڕاستکراوەتەوە و10 کەسیش ڕزگارکراون، سەرجەم سەرنشین و کارمەندەکان ڤێتنامی بوون کە ژمارەیەک منداڵیشیان تێدا بووە."
دەیان فریاگوزار، لەنێویاندا پاسەوانی سنوور، هێزی دەریایی، پۆلیس و مەلەوانی پیشەگەر، ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون. بەڵام خراپیی کەشوهەوا مەودای بینینی سنووردار کردووە، ئەمەش هەوڵەکانی فریاگوزاریی سەخت کردووە.