ئاری ئەحمەد قادر: پرۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی بەکارهاتووی هەولێر بەم زووانە دەست پێ دەکات
ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: پرۆژەی ڕیسایکلینی ئاوی بەکارهاتووی هەولێر لە پرۆسەی تەندەرینگە و لە ئایندەیەکی نزیک دەستی پێ دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر كردەوە.
لە گوتارێكدا كە لە ڕێورەسمی كردنەوەی پرۆژەكە پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی ئاشكرا كرد كە لە بەرنامەدایە، لە ئاییندەدا بەهۆی زۆربوونی ئاوی بەكارهاتوو لە شاری هەولێر، سیستەمێكی ڕیسایكلین و دووبارە بەكارهێنانەوەی ئاوەكە دابندرێت.
لەبارەی ئەم پرۆژەی ڕیسایکلینەی ئاوی هەولێر کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لێوەکرد، ئەندازیار ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆسەی تەندەرینگی پرۆژەی ڕیساکلینی ئاوی بەکارهاتووی هەولێر لەم ڕۆژانەدا تەواو دەبێت و دەستی پێ دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ گوتی: پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، ژێرخانی ئابووری هەولێر بەهێزتر دەکات، چونکە پرۆژەکە توانای هەیە ڕۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتیی بپاڵێوێت کە بە 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێکراوە، دەشڵێت: بڕیار بوو پرۆژەکە بە 550 ڕۆژ تەواو بکرێت، بەڵام بە تەنیا ساڵێک تەواو کرا، چونکە لە 20ـی تەمووزی 2024 دەستی پێ کرد، ئەمڕۆ 20ـی تەممووزی 2025 تەواو کراو قۆناغی یەکەم کرایەوە.
ئاری ئەحمەد دەڵێت: پرۆژەکە سەدا 65ـی کێشەی ئاوی هەولێر چارەسەر دەکات کەنزیکەی 30 گەڕەک لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ بنەسڵاوە، دارەتوو، کەسنەزان، کۆتایی ساڵیش، تەواوی پرۆژەکە دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان و ئاو دەگاتە هەموو هەولێر.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئاشکرای دەکات، لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، 186 بیری ئاو لەو گەڕەکانە داخراون کە پرۆژەکەیان پێ گەیشتووە، تاکوو کۆتایی ئەم مانگە 300 بیر دادەخەین لەو گەڕەکانەی ئاویان بۆ دابینکراوە، لەگەڵ کۆتایی هاتنی پرۆژەکەش، پلان وایە هەزار بیر لە هەولێر دابخەین.
لەبارەی پرۆژەی ڕیساکلینیش، ئاری ئەحمەد قادر گوتی: ئاوی باران، لەگەڵ ئاوی بەکارهاتوو لە پرۆژەیەکدا ڕیساکلین دەکرێت بەشێوەیەک کە دەگاتە پلەی خواردنەوە، ئەو پرۆژەیەی پلانی بۆ داندراوە، لەسەر قەرزی ژاپۆنی بە 200 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت کە ئێستا لە پرۆسەی تەندەرینگە و لەماوەیەکی نزیکدا کۆتایی دێت، دواتر دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت کە ئاوی بەکارهاتووی هەولێر ڕیسایکلین دەکرێت بۆ ئاودانی سەوزایی و باخچەکانی هەولێر.