بەردانەوەی ئاوی زێی بچووک ئومێدی بۆ ئاژەڵداران و جووتیاران گەڕاندووەتەوە

له‌م ڕۆژانه‌دا زێیی بچووک ئاوێکی باشی تێدایە و نزیکە لەوەی بەتەواوی ببوژێتەوە، ئێران زۆربەی کارەبای وڵاتەکەی لە وزەی ئەتۆم بەرهەم دێنێ ، بەگوێرەی زانیارییەکان دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل، دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێران زیانیان پێگەیشتوە بۆیە ئێستا ئەو وڵاتە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی کارەبا سوود لە وێستگەکانی که‌هرۆئاویی وەردەگرێ کە وێستگەی بەنداوی کۆڵەسێ لەسەر زێی بچووک یەکێکە لەوانە ، ئاژەڵدارێک دەڵێت : پێشتر زێی بچووک ئەوەندە کەمیکردبوو ئاوەکەی بۆنی دەهات و مه‌ڕ و ماڵات نەیاندەخواردەوە .

ئێران لە بەنداوی کۆڵەسێ ئاوی بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا بەرەو زێیی بچووک بەرداوەتەوە، لەم دیو سنووری هەرێمی کوردستان دڵی هەزاران جووتیار و ئاژەڵدار و گوندنشینی ڕووناک کردووەتەوە، بەردانەوەی ئەم جارەی ئاستی ئاو بە جۆرێکە لە 8 هاوینی ڕابردوو کە ئێران ئاوەکەی تێدا گرتووەتەوە هاوشێوەی نەبووە، ئێستا بۆ ئاژەڵداران ڕۆژێکی تایبەتترە، ڕۆژانی ڕابردوو ئاستی ئاوەکە ئەوەندە کەمیکردبوو، ئاژەڵەکان ئاویان لێ نەدەخواردەوە و بۆنیان لێ دەکرد، ئەوە قسەی عومەر و مام ڕەسوە، کەلەسەر زێیی بچووک مەڕەکانیان مۆڵکردووە و خۆشیان لەژێر ئەو نوایەی دروستیان کردووە نان و چایەکی سادەیان ئامادەكردووە.

عومەر قادر، ئاژەڵدار بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئاوەکە هێندە کەمیکردبوو، مەڕەکان لەزۆر شوێن ئاویان نەدەخواردەوە، چونکە ئاوەکە بۆنی لێدەهات و ڕەنگی زەرد ببوو، گوتیشی: ئاوەکە هێندە دابەزیبوو هیچ ساڵێک بەوشێوەیە نەبووە، بەڵام ئێستا کە ئاوەکەی بەرداوەتەوە زۆر ساردە و ئارەزووت لێی دەبێت.

بەردانەوەی ئاوی زێیی بچووک لەلایەن ئێران، هەفتانە چەند جارێکە و بەبەردەوام نیە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان کەئەمساڵ دوچاری کەم بارانی و وشکبوونی سەرچاوە ئاویەکانی بووە کاریگەری باشی هەیە.

مام مەحموود  لەژێر گەرمای 42 پلەی سیلیزی، خەریکی ڕنین و لێکردنەوەی بامیەکانیەتی، بەڵام بەردانەوەی ئاو فێنکایی بەدڵیدا هێناوە، چونکە بیری ئاوەکانیان لەسەر زێیی بچووک وشکی کردووە و کار و کاسبی و کشتوکاڵی ئەم ساڵیان نزیک بووە لەوەی بەتەواوی کۆتایی پێ بێت.

مەحموود حەمە، جووتیار دەڵێت: هەرچی خەڵکی پشدەرە، لەڕێگەی ئەو ئاوە کاری کشتوکاڵی دەکات، هەروەها لەزێی بچووک ئاوی خواردنەوە بۆ قەڵادزێ و دەورووبەری دابین دەکرێت، بۆیە هەرکاتێک ئاوەکە وشک بێت، کاسبی لێرە ناکرێت، چونکە ئاوی بیرەکانیش دادەبەزن و وشک دەبن.

ئێران ساڵانە لەوەرزی هاویندا، چەند جارێک ئاوی  زێی بچووک بەڕووی هەرێمی کوردستاندا بەردەداتەوە، بەڵام لەدوای گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لە ساڵی 2017ەوە، هیچ جارێک ئاستی بەردانەوەی ئاوەکە بەم شێوەیە بەر نەداوەتەوە. 

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment