پاکستان.. لە هێرشێکی چەکداریدا 19 پاسەوانی سنوور کوژران و بریندار بوون

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025، بەرپرسانی پاکستان ڕایانگەیاند، لە پێکدادانێکدا لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنوور و گرووپە چەکدارەکان، لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان، هەشت پاسەوانی سنوور و چوار چەکداری گرووپەکە کوژران.

بەرپرسێکی باڵای ئەمنی پاکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "گرووپێکی چەکداری تیرۆریست لە دابووری ناوچەی ئۆراکزای نزیک سنووری ئەفغانستان، بەچەکی قورس هێرشیان کردە سەر کاروانێکی پاسەوانی سنوور و شەڕەکە ماوەی چەند کاتژمێرێکی خایاندووە." 

ئاماژەی بەوەش کرد، "لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکەدا هەشت پاسەوانی سنوور کوژران و 11ـی دیکەش برینداربوون، کە سێ لەو بریندارانە برینەکانیان سەختە، هەروەها چوار چەکداریش کوژران."

ماوەی چەند ساڵێکە، کردەی توندوتیژی و هێرشی چەکداری لە ناوچە سنوورییەکانی پاکستان و ئەفغانستان زیادی کردووە، کە پاکستان ئەفغانستانی دراوسێی تۆمەتبار دەکات بەوەی ڕێگەی بۆ گرووپە چەکدارەکان خۆشکردووە تاوەکوو هێرش بکەنە سەریان، بەڵام حکوومەتی تاڵیبان ئەوتۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 320 کەس کە زۆرینەی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی پاکستانن، بەدەستی گرووپە چەکدارەکان کوژراون.