دۆناڵد ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات، جارێکی دیکە هێرش دەکەینەوە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

دۆناڵد ترەمپ لەبەرانبەر لێدوانەکەی عەباس عراقچی، ئەم هەڕەشەیەی لە پلاتفۆڕمی 'Truth social'  بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ئەگەر پێویست بکات جارێکی دیکە هێرش دەکەینەوە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. 

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، سەرەڕای ئەوەی لە هێرشەکەی ئەمەریکا زیانێکی زۆر بە دامەزاروەکان گەیشتووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی بۆ ئاشتییە، دەشڵێت: تاران ئامادەیە دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن دەست پێ بکاتەوە. 

سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە، هێرشەکانی ئەمەریکا، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە تەواوی لەناوبردووە.

دۆناڵد ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە ئەنجامی هێرشەکەیان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆ چەند مانگێک دواخستووە.  

ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد، جەنگەکە ماوەی 12 ڕۆژی خایاند کە زیاتر لە هەزار کەس لە ئێران کوژران و بەشێکی زۆریان فەرماندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بوون، هاوکات لەماوەی جەنگەکەدا، ئەمەریکا سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردومان کرد، کە بریتی بوون لە دامەزراوەکانی 'فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان'.