سیروان محەممەد: ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق زۆر کەمترە

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان لە سەدا 8.6ـە، بەڵام لە عێراق لە سەدا 19.5ـە، دەشڵێت: هەوڵدەدەین ڕێژەی هەژاریی لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمتر بکەینەوە.
سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان لە ڕێوەڕەسمی ڕاگەیاندنی پرۆژەی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەکە پەیوەستە بە ستراتیژیەتێک، ئەو لایەنانە بگرێتەوە کە تایبەتن بە بارودۆخی ژیان بۆ هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: پرۆژەکە بەسەرپەرشتی وەزارەتی پلاندانان جێبەجێ کرا، لەگەڵ وەزارەتەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی کە سوودمەندی سەرەکییە تێیدا، هەروەها وەزارەتەکانی بازرگانی، پەروەردە، فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی، کە تێیدا سوود مەند دەبن.
بریکاری وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند: گرنگیی ستراتیژیەتی پرۆژەکە ئەوەیە، پشتی بەستووە بە نوێترین داتا و نیشاندەر کە بەردەستن لە وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ئامانج لێی، دروستکردنی دەرفەتی یەکسانە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن کار بکەن، هاوکات ئابووری بەردەوام گەشە بکات، لەگەڵ گرەنتی کردنی ئەو گەشەسەندنە لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژیەتە.
سیروان محەممەد دەڵێت: ستراتیژیەتەکە ڕێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری، ڕایگەیاند: ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی عێراق کەمترە، ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان 8.6 لە سەت بووە لە دواین ڕوپێوی وەزارەتی پلاندانان، لە عێراقیش ڕێژەی هەژاری 19.5 لە سەت بووە، گوتی: پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەی ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان کەم بکەینەوە.
بریکاری وەزارەتی پلاندانان دەڵێت: ستوونی سەرەکی ستراتیژیەتەکەیە ئەوەیە، بتوانین بەردەوام بین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییان لەسەردەمی قەیرانەکانەکاندا.
گوتیشی: یەکێتی ئەوروپا هاوکاریی دارایی زۆر باشی پرۆژەکەی کردووە، لەگەڵ بەشداریی ڕێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە یونسێف، DFP و UNCSHR، لەگەڵ نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەشکرد، لە داهاتوو کار بۆ جێبەجێکردنی تەواوی پرۆژەکە دەکین کە ئێستا تەنها قۆناغی یەکەمی جێبەجێ کراوە.