هاوپەیمانی ناتۆ چەک و تەقەمەنی ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات

هاوپەیمانی ناتۆ بەردەوامە لە هەماهەنگی و گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا، لەوانەش گولـلە تۆپ و تەقەمەنی.

ئاژانسی ئاسۆشێیتد پرێس لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ناتۆ بڵاوی کردەوە، کیێڤ هێشتا چاوەڕێی هاتنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی ئەمەریکا دەکات، گوتیشی: ئێستا ناتۆ ئامادەکاری دەکات بۆ ڕادەستکردنی هاوکارییە سەربازییەکان بە ئۆکرانیا، بەتایبەت دوای ئەوەی واشنتن بڕیاری ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ کیێڤ داوە.

ئەلێکسیس گرینکیڤیچ، فەرماندەی نوێی هاوپەیمانانی هێزە هاوبەشەکانی ناتۆ لە ئەورووپا، ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەڵمانیا بۆ خێراکردنی گواستنەوەی سیستەمی 'پاتریۆت' بۆ ئۆکرانیا بەردەوامە.

پێشتر ڕۆژنامەی 'پۆلیتیکۆ' ئاشکرای کرد، ئەمەریکا ناردنی چەکی بۆ ئۆکرانیا ڕاگرتووە، چونکە چەک لە کۆگاکانیان کەمی کردووە.

لە 7ـی تەممووزدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، پابەندین بە پێشکەشکردنی هاوکاریی بەرگریی، هەروەها هاوکارییەکەش ئەو سیستەمە دەگرێتەوە کە بە مەبەستی بەرگری بەکاردەهێنرێت.

لای خۆیەوە ڕووسیا پڕچەککردنی ئۆکرانیای بە ئاستەنگ لە هەوڵەکانی یەکلاکردنەوەی سیاسی و تێوەگلانی ڕاستەوخۆی وڵاتانی ناتۆ لە ململانێکان زانی.

لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، هەروەها دەیان هەزار کەس لەو شەرە بەردەوامەی نێوانیان کوژران و بریندار بوون، ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.

 
Fly Erbil Advertisment