لە ڕێگەی پـڕۆژەیەکی ریسـایکلین، سەوزاییەکانی پارکی سامی عەبدولرەحمان ئاو دەدرێن
لە ڕێگەی پــڕۆژەیەکی ریســایکلین (دووبارە بەکارهێنانەوە)، ئــاوی ئاوەڕۆکانی شاری هەولێر پاک دەکرێتەوە و بۆ ئاودانی سەوزاییەکانی پارکی سامی عەبدولــرەحمان بەکار دەهێنرێت.
چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، جەمیــل حوســێن، بەڕێوەبــەری پارکــی ســامی عەبدولــرەحمان، بە ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیانــد، لــە ســاڵی 2024ـــەوە دەســت بــە جێبەجێکردنی پــڕۆژەکە کراوە و لــە مانگــی ڕابــردووەوە دەســتی بە کارکردن کــردووە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پارکی سامی عەبدولرەحمان، پرۆژەکە، ڕۆژانە 800 مەترسێجا ئــاو کە لە ئاوەڕۆکانی شاری هەولێر کۆدەکرێتەوە، پــاک دەکاتـەوە و ئەوانیش، دووبـارە بـۆ ئاودانـی پارکەکـە بەکاریدەهێننەوە. باسی لەوەش کرد "پرۆژەکە لە چەند ڕووەکەوە پاڵپشتیمان دەکات، هەم لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دابینکردنی ئاو بۆ پارکەکە و ئاودانی سەوزاییەکان و هەمیش لە پاراستنی ئاوی ژێرزەوی."
20 بیری ئاو لە نێو پارکی سامی عەبدولرەحماندا هەن کە بۆ ئاودانی باخچە و سەوزاییەکانی ناوەوەی بەکاردەهێنرێن. پارکەکە لە وەرزی هاوین، ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی شەش هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە.
بەڕێوەبەری پارکەکە گوتی: "لەبەر ئەوەی پرۆژەکە ڕۆژانە نزیکەی 800 مەترسێجا ئــاوی پاک بەرهەمدەهێنێت، دوو بیری ئاومان کوژاندووەوە، چونکە چیدیکە پێویستیمان پێیان نییە و پرۆژەکەی ریسایکلین قەرەبووی ئاوەکەیان دەکاتەوە."
بەڕێوەبەری پارکی سامی عەبدولرەحمان جەختی لە پێویستیی زیادکردنی پرۆژەکانی ریسایکلینی ئاو لەنێو پارکەکەدا کردەوە و دووپاتی کردەوە "چەند پرۆژەی هاوشێوە زیاتر بکرێنەوە، ژمارەی زیاتری بیری ئاو دەکوژێنرێەوە و دەتوانین پارێزگاری لە سامانی ئاوی ژێر زەویش بکەین."
ڕووبەڕی پارکی سامی عەبدولرەحمان نزیکەی 800 دۆنم زەوییە و بە سییەکانی هەولێر دەناسرێت؛ بەوپێیە ڕۆژانەی بڕێکی زۆری ئۆکسجین بەرهەم دەهێنێت و ژینگەی شارەکەش پاک دەکاتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتاری کردنەوەی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر، لەبارەی پرۆژەکانی ریسایلکینی ئاو، ڕایگەیاند "بە زۆربوونی ئاو بێگومان لەوانەیە ئاوی زۆر بكەوێتە ناوشار و پێویستیی بە چارەسەر هەبێت. بۆ ئەمەش بەرنامەمان هەیە كە بۆ ریسایكلینكردنی ئەو ئاوە و دواتر بۆ بەكارهێناوەی لە باخچەكان، لە ئاودانی سەوزاییەكان، ئەم پرۆژەیەش ئینشائەڵا بە زوویی دەخەینە كار و جێبەجێی دەكەین."
هەر لەبارەی ئەو پرۆژەیەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی باسی کرد، ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئاوی باران، لەگەڵ ئاوی بەکارهاتوو لە پرۆژەیەکدا ڕیساکلین دەکرێت بەشێوەیەک کە دواتر دەتوانین بیخۆینەوە. ئەو پرۆژەیەی پلانی بۆ داندراوە، بە 200 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت کە ئێستا لە پرۆسەی تەندەرینگە و لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتایی دێت، دواتر دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت کە ئاوی بەکارهاتووی هەولێر ڕیسایکلین دەکرێت بۆ ئاودانی سەوزایی و باخچەکانی هەولێر."