هەولێر.. کێشەی تەکنیکی کارەبای چەند گەڕەکێک چارەکرا
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی کێشەی تەکنیکی چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کارەبای 24کاتژمێریان پچڕابوو، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانیان کێشەکەیان چارەکرا.
پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕابردوو بەهۆی کێشەی تەکنیکی لە یەکێک لە گۆڕەڕەکانی کارەبا لە وێستگەی دابەشکردنی کارەبای پارک، چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر لەژێر پڕۆژەی ڕووناکی تووشی پچڕانی کاتیی کارەبا دەبوون کە کاریگەری هەبوو لەسەر زیاتر 50 هەزار هاووڵاتی.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، دوابەدوای بەدواداچوونی تیمەکان ڕاستەوخۆ کارەکانیان دەستپێکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و چاککردنەوەی گۆڕەڕی کارەبای وێستگەی دابەشکرنی کارەبای پاڕک بەبڕی 100 ملیۆن دینار و هاووڵاتیان کارەبای بەردەوامی پرۆژەی ڕووناکییان هەیە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کەمکرندنەوەی پچڕانی کارەبا بەشێوەیەکی بەرچاو لە گەڕەکەکانی، سەربەستی، نازناز، پاڕک ڤیو، بەختیاری، ناز سیتی، دریم سیتی، گوندی ئینگلیزی، پڕۆژەی ئیمپایەر، فڕۆکەخانە، مارعۆدە، بەشێکی عەنکاوە.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبادا لەچوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026.
تاوەکوو ئێستا، زیاتر لە دوو ملیۆن هاوڵاتی کارەبای بەردەوامییان بۆ دابینکراوە لە پڕۆژەی ڕووناکی.