هاوبەشانی ئاو تەوافە لە تانکی نەبەستن، پێ بژاردنیان بۆ دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە ئاگەدارکردنەوەیەکدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات، تەوافە لە تانکییەکانی ئاویان ببەستن، بۆ ئەوەی دووچاری پێ بژاردن نەبنەوە.

هەینی 25ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان لە ئاگەدارکردنەوەیەکدا بۆ هاوبەشان و هاووڵاتییانی کوردستان، داوای کردووە تەواف لە تانکییەکانی ئاویان ببەستن بۆ ئەوەی ڕێگریی لە بەفیڕۆدانی ئاو بکرێت.

وەک لە ئاگەدارکردنەوەکەدا هاتووە، هەر هاوبەشێکی ئاو، دوای دوو جار ئاگەدارکردنەوە تەوافە لە تانکی نەبەستێت، بە 50 هەزار دینار پێ بژاردنی بۆ دەکرێت.

نووسیوویەتی: ئاماژە بە ماددەی 7 لە یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2021 کە تایبەتە بە پاراستنی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان، بەپێی یاساکە، هاوبەشی ئاو 50 هەزار دینار پێ بژاردنی بۆ دەکرێت ئەگەر ئاوگرەوە(تەوافە) لەسەر تانکی(ئەمباری) ئاو نەبەستێت.

یەکشەممە، 20ی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناخی یەکەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر کردەوە.

بە کردنەوەی ئەم پرۆژەیە دانیشتووانی هەولێر بۆ ماوەی 30ساڵ کێشەی بێ ئاویان نامێنیت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە کوردستان24ی ڕاگەیاندبوو: پرۆژەکە پێش وادەی خۆی تەواو کرا، گوتوویەتی: پرۆژەکە شاکارێکی گەورەیە بۆ هەولێری پایتەخت، 480 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنیت، بەجێبەجێکردنی هەزار و 370 بیر دادەخرێن.