دەیان فەڵەستینی لە کاتی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان کوژران

بە هۆی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، دەیان هاووڵاتی مەدەنی فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین (وەفا) بڵاویکردەوە، شەممە، 26ـی تەممووزی 2025،  لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی غەززە  30 کەس کوژران، کە 14 لەو کوژراوانە لە کاتی چاوەڕوانی وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان بوون، ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لە کوژراوەکان ژمارەیەک هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 57 کوژراو و 512 بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە.

میریانا سپۆلیاریچ، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هەنگاوی بەپەلە و بەکۆمەڵ بگرنەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەو کارەساتە مرۆییەی کەرتی غەززە.

سپۆلیاریچ گوتیشی: هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات، "کارەساتە مرۆییەکان هەموو سنوورێکی یاسایی و ئەخلاقی تێپەڕاندووە."

جەختیشی کردەوە، 350 کارمەندی لیژنەی نێودەوڵەتی لە غەززە، دەستیان بە خۆراک و ئاوی پاک ناگات.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment