شەڕی نێوان تایلەند و کەمبۆدیا دەیان هەزار هاووڵاتی ئاوارە کردووە

لە ماوەی سێ ڕۆژ شەڕی نێوان تایلەند و کەمبۆدیا، زیاتر لە 30 کەس لە هەردوولا کوژراون و نزیکەی 130 هەزار کەسیش ئاوارە بوونە. ئەمەش خراپترین دۆخی شەڕی نێوان ئەم دوو دراوسێیەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا.
هێزە چەکدارەکانی ئەو دوو وڵاتە، بەرەیەکی دیکەیان لە پارێزگای 'پات'ی تایلەند، هاوسنووری پارێزگای 'پەرسات'ی کەمبۆدیی، کردەوە، بە دووریی 100 کیلۆمەتر لەو شوێنەی پێنجشەممەی ڕابردوو شەڕ و پێکدادان دەستی پێ کرد.
بە گوێرەی دوا هەواڵی گەیشتوو، تا ئیستا 7 سەرباز و 13 هاووڵاتی سڤیلی تایلەندی کوژراون. مالی سۆشیتا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کەمبۆدیاش کوژرانی 5 سەرباز و 8 هاووڵاتی سڤیلی ڕاگەیاند.
هەر لە ئەنجامی بەردەوامیی گرژییەکاندا، دەیان هەزار هاووڵاتیی تایلەندی و کەمبۆدی ئاوارە بوون و لە کەمپی کاتیدا جێگیر کراون.
سامڕۆنگ خۆمدوانگ، ئافرەتێکی 51 ساڵەی کەمبۆدییە، دەڵێت: ماڵەکەمان نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە، کاتێک ڕۆژی پێنجشەممە، شەڕەکە هەڵگیرسا، من لە ترسی تۆپباران ماڵەکەمانم بەجێ هێڵا، بەڵام هاوسەرەکەم بۆ چاودێریی ئاژەڵەکانمان لەوێ مایەوە، ئێستەش پەیوەندیم لەگەڵیدا پچڕاوە و نازانم چی بەسەر هاتووە.
ئەمڕۆ شەممە، 26ـی تەممووز، ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا، بە ئاژانسی هەواڵی 'بێرناما'ی مالیزی ڕاگەیاند "لە هەوڵەکانم بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست بەردەوامم، ئێستە دۆخەکە ئارامترە. هیوادارم بەم زووانە کێشەی نێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە چارە بکرێن."
تایلەند و کەمبۆدیا، دەیان ساڵە لەسەر یەکلایی نەبوونەوەی خاوەندارییەتی خاڵە سنوورییەکانی نێوانیان، ناکۆکن؛ بە تایبەتی خاوەندارییەتی پەرستگە هیندۆسییە کۆنەکانی وەک پریا ڤیهیر و تا مون تهۆم. پەرستگەی پریا ڤیهیر، ساڵی 1962 بە گوێرەی بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتی درا بە کەمبۆدیا، بەڵام تایلەند دانی بەو بڕیارەی دادگەی نێودەوڵەتیدا نەناوە.