پرۆژەی هەژماری من: 800 هەزار مووچەخۆر خۆیان لە پرۆژەکە تۆمار کردووە

پرۆژەی هەژماری من ڕایگەیاند، 800 هەزار مووچەخۆر خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە، لە ماوەیەکی نزیکیشدا سەرجەم مووچەخۆران بە بانکی دەکرێن.

شەممە 26ـی تەممووزی 2025، پرۆژەی هەژماری من لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لە ماوەیەکی پێوانەییدا، 800 هەزار مووچەخۆری کەرتی گشتی خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و ئێستا خاوەنی هەژماری بانکیی تایبەت بە خۆیانن.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، لە ماوەیەکی نزیکدا سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بانکی دەکرێن و لە خزمەتگوزارییە بانکییە جۆراوجۆرەکان سوودمەند دەبن.

ڕۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، تیمی پرۆژەی "هەژماری من" لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەشی دابوو، بەشێک لە سوودمەندانی وەزارەتەکانی تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی خرایە سەر هەژمارەکانیان.

باس لەوەش کراوە، هاوکات زیادتر لە 8,000 خانەنشینیش لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی مووچەکانیان خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکانیان و دەتوانن لە زیاد لە 400 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) دەستییان بە مووچەکانیان بگات.

ئەمە لە کاتێکدایە، وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ زامنکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ کوردستانیان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە دەستی کردووە بە پرۆسەی بە بانکیکردن بۆ بەدیهێنانی گشتگیری دارایی بۆ هاووڵاتییان.

ئەم پرۆژەیە دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەردەمییەکانی بانک دەگات و دەبنە خاوەن ئازادی زیاتری تاکە کەسی.