بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە حەوت پارێزگای عێراق کراوەتە پشوو

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، حکوومەتی عێراق پشووی لە حەوت پارێزگا ڕاگەیاندووە و داواش لە هاووڵاتییان دەکات، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە. 

بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما؛ حکوومەتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، پشووی فەرمی لە سەرتاسەری پارێزگاکانی بەسرە، زیقار، میسان، کەربەلا، دیوانییە، بابل و واست ڕاگەیاندووە.

بڕیارەکە، بەگوێرەی لێدوانە فەرمییەکان، "بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هاووڵاتییان و فەرمانبەران" دراوە. بەشی خزمەتگوزاری، تەندروستی، و کارەبا لە پشووەکە بەخشران بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان.

دەستەی کەشناسی عێراق ڕەتیکردەوە 65 پلەی سەدی تۆمار بکات، بەڵام دووپاتی کردەوە کە پلەکانی گەرما لە چەند ناوچەیەکدا لە 50 پلە تێدەپەڕن، کە بە توندترین شەپۆلی گەرما دادەنرێت لە هاوینی ئەمساڵدا.

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، ڕۆژانە لە بەشێکی زۆری پارێزگاکانی عێراق خۆپیشاندان لە دژی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکوو ئاو و کارەبا دەکرێت.