سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی کاتی لە سێ ناوچەی غەززە ڕاگەیاند

ژمارەیەک هاووڵاتی کەرتی غەززە لە کاتی ئاوارەبوون (وێنە: AFP)
ژمارەیەک هاووڵاتی کەرتی غەززە لە کاتی ئاوارەبوون (وێنە: AFP)

سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی کاتیی تاک لایەنە لە سێ ناوچەی غەززە ڕاگەیاند و ئاماژە بەوە دەدات، ڕۆژانە ڕێڕەوێکی ئەمنی بۆ چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان دابین دەکرێت. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرکردایەتیی سیاسیی وڵاتەکەیان و بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە؛ ڕۆژانە لە سێ ناوچەی غەززە سوپا هەموو چالاکییەکی سەربازی ڕادەگرێت و ئاگربەستی کاتی ڕادەگەیەنرێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی سوپای ئیسرائیل، ئاگربەستە کاتییەکە ڕۆژانە لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی تا 08:00ـی شەو لە هەر سێ ناوچەی (دێر ئەلبەلەح، مەواسی و شاری غەززە) لە کەرتی غەززە جێبەجێ دەکرێت و ئامانج لێی، دابینکردنی ڕێڕەوێکی ئەمنییە بۆ هێنانەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانەوە تا بەسەر خەڵکی کەرتەکەدا دابەش بکرێت. 

ئەم ئاگربەستەی سوپای ئیسرائیل تاک لایەنەیە و حەماس تێیدا بەشدار نییە. هەفتەی ڕابردوو لێکنزیکییەکی زۆر هەبوو بۆ ڕێککەوتن و ڕاگەیاندنی ئاگربەستێک بۆ ماوەی دوو مانگ کە لە چوارچێوەیدا ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی و زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکران، بەڵام ئیسرائیل و ئەمەریکا حەماسیان بە تێکدانی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار کرد و ئەویش تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە. 

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 130 کەس بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لە دەست داوە کە زۆرینەیان منداڵ و بەتەمەنەکان بوون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش جەختی کردووەتەوە، ئەگەر بە زوویی خواردن نەگەیەنرێتە خەڵكی غەززە، بەشێکی زۆریان لەبەرسان دەمرن. 

سوپای ئیسرائیل ڕەتیکردەوە هیچ بەدخۆراکییەک لە کەرتی غەززە هەبێت و دووپاتی کردەوە، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان گەرەنتی ئەوە بکەن کە هاوکارییە مرۆییەکان ناگەنە دەست چەکدارانی قەسسام (باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی) و دەبێت بەو کەسانە بدرێت کە پێویستییان پێیەتی. 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی ئاوی پاک لە باشووی کەرتی غەززە دەخرێتە کار کە ڕۆژانە زیاتر لە 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەمدەهێنێت و بەشی زیاتر لە 900 هەزار کەس دەکات. 

سوپای ئیسرائیل جەختیشی کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە دژی گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە بەردەوام دەبن تەنیا لەو ناوچانە نەبن کە ئاگربەستی کاتییان لێ ڕاگەیەنراوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو (شەممە، 26ـی تەممووزی 2025)، سوپای ئیسرائیل بۆ جاری یەکەم دوای شکاندنی ئاگربەستی ئاداری ڕابردوو، هاوکاریی مرۆیی بەسەر کەرتی غەززەدا بەردایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژانە پرۆسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و هەردوو وڵاتی ئیمارات و ئوردن بەردەوام دەبێت. 

بەها توباسی، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرتی غەززە، باسی لەوە کرد، بەشێکی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی بەردراونەتەوە، بەسەر خێوەتی ئاوارە فەڵەستینییەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون.