گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف: ناونووسین بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەبێتە ئەلیکترۆنی

نەبەز ئیسماعیل
نەبەز ئیسماعیل

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ناوتۆمارکردن بۆ حەجی ساڵی داهاتوو بووەتە ئەلیکترۆنی، هاووڵاتییان ئاسانکارییان بۆ کراوە و دەتوانن لەهەر ناوچەیەکی کوردستان، لەنێو ماڵەکانی خۆیان، ناوی خۆیان بۆ فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار بکەن.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە کابینەی نۆیەمدا ،یەکەم هەنگاوی وەزارەتی ئەوقاف کارئاسانی بوو بۆ ئەوانەی خوازیاری ئەنجامدانی فەریزەی حەج بوون، دەڵێت: هەوڵماندا کارێک بکەین ڕۆتین لە ناونووسین بۆ حەج نەهێڵین و ماندوبوون بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کەم بکەینەوە، بۆیە ناونووسین بۆ فەریزەی حەج بەشێوەی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواو بووە و بۆ حەجی ساڵی 2026، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەهەر ناوچەیەک و پارێزگایەک بن، دەتوانن بەشێوەی ئەلیکترۆنی خۆیان ناونووس بکەن بۆ ئەنجامدانی فەریزەکە. 

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: هەر کەسێک دەتوانێت لەسەر مۆبایلەکەی و بەشێوەی ئۆنلاین، بە هەبوونی کارتی نیشتمانی دەتوانێت بە جێبەجێکردنی ڕێکارەکان بە وردی، فۆرمەکە پڕبکاتەوەو ناوی خۆی بۆ حەجی ساڵی 2026 تۆمار بکات.

دەشڵێت: ساڵی 2017 نزیکەی 86 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمارکردبوو بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج، ساڵی 2023ـیش نزیکەی 40 هەزار کەس، بەهەردوو ساڵەکە 121 هەزار هاووڵاتی ناوی خۆیان تۆمارکردبوو، داوای دەرفەتی جێبەجێکردنی فەریزەی حەجییان لە وەزارەتی ئەوقاف کردبوو، لەو ڕێژەیە، تیرو پشک بۆ ساڵی 2025 ئەنجامدرا، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێژە زۆرە، هەوڵدرا چانسییان هەبێت بۆ دەرچوون، بە ڕاسپاردەی وەزیری ئەوقاف جارێکی دیکە ناویان خرایەوە نێو تیروپشک بۆ ئەوەی چانسی دەرچوونیان هەبێت، بەڵام بۆ حەجی ساڵی 2026، دەبێت ئەوانیش وەک داواکاری نوێ لەڕێگەی ئەلیکترۆنییەوە فۆرمەکە پڕ بکەنەوە و ناوی خۆیان لەنوێوە تۆمار بکەن.

لەبارەی ڕێژەی کوردیش بۆ چوونە حەج، نەبەز ئیسماعیل ئاشکرای کرد، ڕێژەی حاجییانی ئەمساڵ 6 هەزار و 135 کەس بوون، بەڕێژەی ملیۆن لە هەزار دابین کرابوو، واتا هەر ملیۆن کەسێک، هەزار کەس لەهەرێمی کوردستان دەتوانێت بچێت بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج، ئەگەر پشکی عێراق زیاد بکرێت بۆ ساڵی داهاتوو، پشکی هەرێمی کوردستانیش زیاد دەکات، بەڵام تا ئێستا 6 هەزار و 135 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە لە 2026 حەج بکەن.

 
Fly Erbil Advertisment