دەرچووانی پەیمانگاکانی نەوت لە عێراق داوای دامەزراندن دەکەن
ژمارەیەک لە دەرچووانی پەیمانگاکانی نەوت لە پارێزگا و ناوچەکانی عێراق، چوونە بەردەم وەزارەتی نەوت لەبەغدا و داوای دامەزراندنیان کرد، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی نەوت هیچ وەڵامێکی داواکارییەکانی نەداوەتەوە، هەندێ لە دەرچووان دەڵێن: بواری نەوت پێویستی بە دەستی کاری ئێمە هەیە کە کۆ نمرەمان سەرووی 95ـە.
یەک لە دەرچووان بۆ کوردستان24 دەڵێت: من لە سەماوە هاتووم و دەرچووی پەیمانگەی نەوتم، هاتووین داوای دامەزراندن دەکەین بۆ ئەوەی پێویستی کۆمپانیاکانی نەوت پڕ بکەینەوە، دوو ساڵ ڕاهێنانمان لەسەر ئامێرە پێشکەوتووەکانی بواری نەوت کردووە، من ساڵی 2024 دەرچووم، داوا دەکەین دابمەزریین لەچوارچێوەی کۆمپانیای حکومی، نامانەوێت لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کار بکەین، دەشڵێت: لە کاتی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کەرتی تایبەت، زیانمان پێدەگات، بۆیە وەزارەتی نەوت لەسەریەتی ئێمە دابمەزرێنێت و داواکارییەکانمان لەبەرچاو بگرێت، کۆمپانیاکانی نەوت لە بەسڕە و کەربەلا پێویستیان بە کارمەند هەیە، بێکاریش هەیە پێویستە چارەسەر بکرێت.
دەرچووێکی دیکە گوتی: پێنج پەیمانگە لەبەردەم وەزارەتی نەوت کۆبوونەتەوە، پەیمانگەکانی کەرکووک، بەسڕە، بێجی، بەغدا، میسان، دەڵێت: ئەوانەی هاتوونەتە ئێرە نمرەی گشتییان بەرزە و گەیشتووەتە 95 و بەسەرەوە، گوتی: پێویستە دامەزراندمان ناوەندیی بێت، بە سێ ساڵ، ژمارە دەرچووان دەگاتە نزیکەی هەزار و 700 دەرچوو.
دەرچووێکی دیکە گوتی: لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە هاتووینەتە بەردەم وەزارەتی نەوت و وەڵامییان نەداوینەتەوە، ئێمە بۆیە خوێندنمان لە بواری نەوت هەڵبژارد، چونکە دامەزراندن تێیدا ناوەندیی بووە، کەمترین نمرەی دەرچووان لەم خۆپیشاندانە ئەگەری هەیە 95 بێت.
دواتر دەرچووێکی دیکەی پەیمانگەی نەوت گوتی: من لە کەربەلاوە هاتووم، کۆنمرەمان زۆر بەرزە، پێویستی کۆمپانیاکان هەیە لەبواری نەوتدا، بەپێی خشتەی بوودجە، زانیوومانە دامەزراندن لە وەزارەتی نەوت نییە، ئێمە نامانەوێت لە کەرتی تایبەت کاربکەین.
نوێترین زانیاریی لەبارەی بێکاری لە عێراق ئاماژە بەوە دەکات، ڕێژەی بێکاری لە عێراق لەنێوان سەدا 13 بۆ سەدا 15.5ـە، ساڵی 2021 ڕێژەکە سەدا 16.5 بووە.