نزیکەی شەش ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگەی پێشانگا نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەکرێت
بە بەشداریی 286 کۆمپانیا و نزیکەی 500 براندی خۆماڵی، نۆیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراک لە هەولێر کرایەوە و جووتیارانی هەرێمیش بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن.
دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، نیهاد عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری نۆیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کشتوکاڵ و خۆراک لە هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، بە بەشداری 286 کۆمپانیا، و نمایشکردنی نزیکەی 500 براند لە 20 وڵاتی جیاواز، گەروەترین پێشانگای کشتوکاڵی و خۆراک لە هەولێر کرایەوە، گوتیشی، لەو پێشانگایەدا دەرفەتی تەواوەتی بە جووتیاران و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دەدرێت بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانیان.
نیهاد عەبدوڵڵا گوتیشی، پێشانگاکە بوارەکانی خۆراک و کشتوکاڵ، پرۆسێسی خۆراک، بەستەبەندی و پلاستیک لەخۆدەگرێت و بە هاوکاریی کۆمپانیای سۆ فوار لە تورکیا و ئەڵمانیا رێکدەخرێت. هەروەها جەختیکردەوە، هەرچەندە چالاکییەکە لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، بەڵام تەنیا تایبەت نییە بە هەولێر و هەرێمی کوردستان، بەڵکو کڕیاران، پیشەوەران، هاوردەکاران، دابەشکاران و فرۆشیاران لە بەغدا، بەسرە، کەرکووک، سلێمانی و شارەکانی دیکەی عێراقەوە روو لە هەولێر دەکەن و لەگەڵ بەرهەمهێنەرە نێودەوڵەتییەکاندا کۆ دەبنەوە.
لەبارەی سوود و کاریگەرییە ئابووری و گەشتیارییەکانی پێشانگاکە، سەرپەرشتیاری پێشانگاکە خستییەڕوو،، نزیکەی 500 براند لە پێشانگاکەدا ئامادە دەبن، و بە خەمڵاندنی ئەوان، لە رووی گەشتیاری و خزمەتگوزارییەکانی وەک هاتوچۆ، فڕۆکەخانە و چێشتخانەکانەوە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار سوود بە پارێزگای هەولێر دەگەیەنێت، هاوکات جەختیکردەوە،، نزیکەی شەش ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگەی پێشانگاکەوە دەکرێت.
سەبارەت بە ئاسانکارییەکانیش بۆ بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ، نیهاد عەبدوڵڵا روونیکردەوە،، هۆڵێکی گەورە بۆ نمایشکردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان دابین کراوە و گرنگییەکی تایبەت بە خاوەنکارانی ناوخۆ دەدرێت، بە جۆرێک بە هەمان نرخ و تەنانەت هەرزانتریش لە کۆمپانیا ئەمریکی، ئیتاڵی و ئەڵمانییەکان شوێنیان پێ دەدرێت و کارئاسانییان بۆ دەکرێت لە دابینکردنی رووبەر یان ستاندی ئامادەکراودا، هاوکات رایگەیاند، زۆرینەی کۆمپانیا بەشداربووەکان ناسراون و پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵیاندا هەیە.
لەلای خۆیەوە، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان تەنیا پشتیوانیی بەرهەمی ناوخۆ دەکەن و دەرفەت بۆ نمایشکردنی بەرهەمی ناوخۆ دەڕەخسێنن، بەبێ رەچاوکردنی ناوچەگەری یان پارێزگا. بە گوتەی هێمن سەید موراد، هەر جووتیارێک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لە زاخۆوە تا هەڵەبجە، بەرهەمی هەبێت دەتوانێت بێتە هەولێر و بەشداری لەو فیستیڤاڵەدا بکات و سەرجەم بەرهەمەکانی خۆی و هەر بەرهەمێکی دەسترەنجی خۆی هەیە نمایشی بکات.