کەریم نووری: 15 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە، 18 هەزار کەسیش ماوە

یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، گەڕانەوەی ئاوارەکانی کەمپی هۆل بەردەوامە، ئاماژەی بەوەش دا، تاوەکوو ئێستا 15 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆل گەڕاونەتەوە وڵات، لەوانەش 10 هەزاریان گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
کەریم نووری، بریکاریی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە میدیاکانی ناوخۆی عێراقی گوتووە، "پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە کەمپی هۆل هێشتا بەردەوامە بۆ یەکخستنیان و گواستنەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆرینەی عێراقییەکانمان لە کەمپی هۆڵ گەڕاندۆتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەمەش نیشانەیەکی ئەرێنییە و سەرکەوتوو بووین بە شیاندنەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە."
کەریم نووری گوتیشی، "15 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆڵەوە گەڕێنراونەتەوە بۆ عێراق، 10 هەزاریان گەڕێنراونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، پێنج هەزاریشیان لە کەمپی جەدعە ماونەتەوە بۆ ئەوە شیاندنەوەیان بۆ بکرێت و دواتر بگەڕێندرێنەوە بۆ ماڵەکانیان و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بکرێنەوە."
بریکاریی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران باسی لەوەش کرد، "نزیکەی 18 هەزار کەس لە کەمپی هۆڵ ماونەتەوە و هەر دەرفەتیک بێتە پێشەوە دوای ئەوەی پشکنینی ئەمنیان بۆ دەکرێت، ئەوانیش دەگەڕێنینەوە."
کەمپی هۆل کەمپێکی دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە و لەژێر دەستی ئیدارەی خۆسەرە، ئەو کەسانەی لەو کەمپانەدان زۆرینەیان چەکدارانی داعش و خانەودەکانیانن. تا وەکوو مانگی نیسانی 2019 ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ناو کەمپەکە 74 هەزار کەس بووە، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن و خەڵکی چەند وڵاتێکی جیاوازن، بە پلەی یەکەم سووریا و عێراق، هەروەها لەلایەن 400 چەکداری هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە پاسەوانی دەکرێت.
کەمپەکە لە سەرەتادا بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەرانی عێراقی لە سەرەتای ساڵی 1991 لە کاتی جەنگی دووەمی کەنداو دامەزراوە.