هاوپەیمانان ژمارەیەک سەرکردەی داعشیان لە سووریا کردە ئامانج و بەڵگەنامەی نهێنییان دۆزییەوە

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی داعش لە دەوروبەری شاری "باب" لە سنووری پارێزگای حەلەبی سووریا؛ ژمارەیەک سەرکردە و چەکداری داعشی کوژران.

بە گوێرەی میدیاکانی عێراق، دیارترین ئەو سەرکردانەی داعش کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کراونەتە ئامانج، "زیا زەباع موسڵیح حەردانی" و دوو لە کوڕەکانی بوون. ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانی هاوپەیمانان دەستیان بەسەر ژمارەیەک بەڵگەنامە و ئاماری تایبەت بە بە تۆماری مەدەنیی سووریادا گرتووە کە لە نێو ماڵی ئەو سەرکردەیەی داعشدا هەڵگیرا بوون. 

سەڕچاوەیەکی نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا نەکردووە، بەڵکوو تەنیا ڕووی لۆجستییەوە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانیان کردووە و یاوەرییان کردوون تا گەیشتوونەتە بنکەی سەربازیی "سرین" لە سنووری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان. 

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، دەزگای هەواڵگیریی عێراق زانیاریی بە هێزەکانی هاوپەیمانان دابوو کە ژمارەیەک لە سەرکردە و چەکدارانی داعش لە گوندێکی دەورووبەری حەلەب خۆیان حەشار داوە؛ هاوپەیمانانیش لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە. 

وەکوو ئەوەی سەرچاوەکەی هەسەدە ئاماژەی پێ داوە، ئەو شوێنەی ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا کراوە، لە ژێر دەسەڵاتی "سوپای نیشتمانیی سووریا" دایە کە لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتیی لێ دەکرێت و نزیکە لە سنووری ئەو وڵاتە. 

بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دۆزینەوەی ئەو بەڵگەنامانە کە لە لایەن حەردانییەوە، هەماهەنگی نێوان داعش و بەشێک لە ئەندامانی دەستەی "تەحریری شام" و "سوپای نیشتیمانیی سووریا" کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن؛ ئاشکرا دەکات. 

حەردانی، بە یەکێک لە ئەمیرە دیارەکانی داعش دادەنرێت، لە ساڵی 2016 وەک "والی فورات" کاری کردووە، هێزە عێراقییەکان ڕایانگەیاندبوو کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە شاری "قائیم"ـی هاوسنوور لەگەڵ سووریا کرابووەوە ئامانج، بەڵام لە هێرشەکە ڕزگاری ببوو، دواتر چووەتە تورکیا و لەوێشەوە بۆ سووریا. بە گوێرەی زانیارییەکان، لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2024 لە سنووری پارێزگاری حەلەب نیشتەجێ بووە.

تۆماس باراک، نێردەی نێودەوڵەتی بۆ سوریا، پێشتر هۆشداریی دابوو کە ڕەنگە ئەندامانی داعش لە شەڕی دژی دروزەکان لە سویدا دەستیان هەبووبێت، کە خۆیان لە ئەندامانی ئاسایشی گشتی و وەزارەتی بەرگری سوریا پۆشیوە.