ئاسایشی هەولێر ئافرەتێکی بە تۆمەتی دزیکردن لە چەند هاووڵاتییەک دەستگیرکرد

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئافرەتێکی بە تۆمەتی دزیکردن لە چەند کەسێک دەستگیرکرد و ئاماژە بەوە کراوە لە کاتی دەستگیرکردنی دەستیان گرتووە بەسەر چەند پارچە زێڕ و ئامێری مۆبایل.
دووشەممە، 28ی تەممووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن تیمەکانمانەوە لەسەر هەبوونی چەند حاڵەتێکی تاوانی دزیکردن ، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ، تۆمەتبارێکی ئافرەتمان بەناوی (و ، ح ، ع) دەستگیرکرد.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە داوە، ئەو ئافرەتە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە و هەستاوە بە ئەنجامدانی چەند تاوانێکی دزیکردن ، بەتایبەت لەو کەسانەی کە تەمەنیان گەورەیە و بەساڵاچوون، تۆمەتباری ناوبراو چاودێری ئەو کەسانەی کردووە و لە کاتێکی گونجاو تاوانی دزیکردنەکەی ئەنجامداوە و هەروەها یەکێک لە تاوانەکانی دزینی بڕی پێنج هەزار دۆلاری ئەمەریکی بووە لە شۆفێرێکی تاکسی.
ئاسایشی هەولێر باس لەوە دەکات، لە کاتی دەستگیر کردنی تۆمەتبار، دەستیان گرتووە بەسەر ئەو بڕە پارەی لە شۆفێری تاکسی دزیبوو لەگەڵ چەند پارچە زێڕ و ئامێری مۆبایل.