مەسرور بارزانی جەخت لە بەردەوامیی کارکردنی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە محەممەد حەسسان، نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق و سەرۆکی نێردەی ( یوونامی UNAMI) کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە "لە کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا."
باس لەوەش کراوە "تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوە، جەختکردنەوە بوو لەسەر ڕێزگرتن و گەرەنتیکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و وەک قەوارەیەکی دەستووریی و فیدراڵی. هەروەها کۆتاییهێنان بە هێرشی تیرۆریستیانە بۆ سەر ژێزخانی وزەی هەرێم و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەران."
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتە ڕوو "لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، دووپات لە گرنگیی بەردەوامبوونی کارکردنی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کرایەوە."