فرێدریک مێرز: هاوکارییە مرۆییەکانی ئەڵمانیا سبەی لەڕێگەی ئاسمانییەوە دەگەنە دانیشتووانی غەززە

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا، پێشوازی لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئیسرائیل دەکەین بۆ ڕێگە دان بە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە.
فرێدریک مێرزڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی تەممووزی 2025، ڕایگەیاند: هاوکارییە مرۆییەکانی ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەگەنە هاووڵاتییانی کەرتی غەززە، ئەم هاوکارییانە ڕەنگە تەنیا بەشدارییەکی کەم بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازارە مرۆییەکانی خەڵکی غەززە، بەڵام دەمانەوێت پەیامێکی ڕوون بۆ هەمووان بنێرین و پێیان بڵێین: ئێمە لێرەین و بەشێکین لەو ناوچەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پێشوازی لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئیسرائیل دەکەین بۆ ڕێگەدان بە یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە، بەڵام پێویستی بە زیاتر هەیە.
هاوکات ڕۆژی هەینی 18ی تەممووزی 2025، فرێدریک مێرز جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هاوکارییە مرۆییەکان بەخێرایی بگەنە کەرتی غەززە و جەختیشی لە چەکداماڵینی حەماس کردووەتەوە و بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ ناوی بردووە.