دوای دوو مانگ هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا دەستیپێکردەوە

ئەمریکا دوای ئەوەی بۆ ماوەی هەشت هەفتەی لەسەریەک هاوردەکردنی نەوتی راگرتبوو، دەستی بە هاوردەکردنەوەی نەوتی خاوی عێراق کردەوە، ئیدارەی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی عێراق گەیشتە 43 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیدارەی وزەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاو بۆ ئەمریکا  گەیشتووەتە 5 ملیۆن و 720 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. بەراورد بە هەفتەی پێشووتر  463 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادی کردووە، چونکە هەفتەی پێشووتر رۆژانە 5 ملیۆن و 227 هەزار بەرمیلی رۆژانە هاوردە کراوە.

کەنەدا بە تێکڕای 3 ملیۆن و 918 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە پێشەنگی گەورەترین دابینکەرانی نەوتی خاو بوو بۆ ئەمریکا، دوای ئەویش ڤێنێزوێلا بە 734 هەزار بەرمیل، مەکسیک بە 293 هەزار بەرمیل و سعوودیە بە 216 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هاتن.

لە پلەی پێنجەمدا گیانا بە تێکڕای 191 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هات، دوای ئەویش نێجریا بە 137 هەزار بەرمیل، بەڕازیل بە 121 هەزار بەرمیل، کۆڵۆمبیا بە 67 هەزار بەرمیل و عێراق بە 43 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا تۆمارکران، لە کاتێکدا ئەرجەنتین لەو هەفتەیەدا هیچ هەناردەیەکی نەوتی بۆ ئەمریکا تۆمار نەکرد.

تێکڕای بەکارهێنانی رۆژانەی نەوت لە ئەمریکا بە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل مەزەندە دەکرێت، بەمەش دەبێتە گەورەترین بەکارهێنەری نەوت لە سەرتاسەری جیهاندا.