کاردینال لویس ساکۆ سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات

کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارک و سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان
کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارک و سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان

 پاتریارک و سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، لە بەرانبەر پاراستنی مافی پێکهاتەکانی عێراق و لەباوەشگرتنی سەرجەم لێقەوماوان لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، سوپاسی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد.

سێشەممە 29ـی تەممووزی 2025، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، سەردانی کاردینال لویس ساکۆ، پاتریارک و سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کرد.

نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، فارس عیسا و لویس ساکۆ، لە میانی دیدارێكدا، ڕه‌وشى ئێستاى عێراق و چۆنيه‌تى پاراستنى په‌يوه‌ندييه‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى نێوان پێكهاته‌ عێراقييه‌كانیان تاوتوێ کرد.

هاوکات هەردوولا،  كو‌لتوورى پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان و، دەستەبەرکردنی مافەکان بۆ سەرجەم پێکهاتەکان تاوتوێ کرد. جەختیشیان لەسەر پێویستی پتەوکردنی ئەم کولتوورە بەرزە مرۆڤایەتييه، لە سەرانسەری عێراقدا كرده‌وه‌.

کاردینال لویس ساکۆ، لە بەرانبەر پاراستنی مافی پێهاتەکانی عێراق و لە باوەشگرتنی هەموو لێقەوماوان و ئاوارەکان لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانی خۆی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی دەربڕی.

پاتریارک و سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، ئەزموونی هەرێمی کوردستانی لە بارەی لەخۆگرتنی ئاوارە و پەنابەران وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لە عێراق پێناسە کرد.

لە ڕاگەینەدراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لویس ساکۆ ستایشی ڕۆڵی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانى لە بەغدا کرد، بە تایبەتی لە برەودان بە نزیککردنەوەی بۆچوونەکانی هه‌ردوو حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment