ستارمەر: پێویستە ئیسرائیل پابەند بێت بە پرۆسەی ئاشتییەکی بەردەوام

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت: لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەنێین. جەختی لەوەش کردەوە، ئەم دانپێدانانە بۆ پارێزگاریکردنە لە چارەسەری دوو دەوڵەتی.

سێشەممە 29ـی تەممووزی 2025، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەوە ڕایگەیاندووە، تا دێت دۆخی غەززە ناسەقامگیری زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، ئەم دۆخەش هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی ئاسۆی چارەسەری دوو دەوڵەتی، بۆیە پێویستە ئەو ئازار و نەهامەتییانەی کە تووشی خەڵکی غەززە هاتوونە نەمنێنن.

ستارمەر ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر حکوومەتی ئیسرائیل هەنگاوی جەوهەری بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە نەنێت، بە ئاگربەست ڕازی نەبێت و پابەند نەبێت بە پرۆسەی ئاشتییەکی بەردەوام کە ببێتە هۆی چارەسەری دوو دەوڵەتی، ئەوا بەریتانیا بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەنێت.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕوونی کردەوە، بەریتانیا بە یەک چاو سەیری حەماس و ئیسرائیل ناکات، هەروەها تا ئێستاش ئەو داواکارییانەی کە لە حەماس هەیەتی پێداگری لەسەر دەکات.

ستارمەر پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، کە دانپێنان بە دەوڵەتی فەڵەستین، کۆڵەگەیەکی سەرەکییە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment