درۆنێکی دیکە لە سنووری هەولێر کەوتە خوارەوە

درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە گوندێکی سنووری مەخموور کەوتە خوارەوە و دژەتیرۆری کوردستانیش ئاماژە بەوە دەدات "نەتەقییەوەتەوە."

دژەتیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە "کاتژمیر 09:30 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی دووگردکانی قەزای مەخمووری سەر بە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە و نەتەقییەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، 28ی تەممووزی 2025، کاتژمێر 05:50، درۆنێکی دیکەی بۆمبڕێژکراو لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە.

 دژەتیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو، کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە "هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە."

لەسەرەتای تەممووزەوە تا ئێستا بەگشتی زیاتر لە 20 هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش 9 هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خۆرمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنک، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ) و ئەوانەشی دەمێننەوە بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.

ڕۆژی دووشەمممە، 28ـی تەممووزی 2025، شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گەیشتە هەولێر و لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا. 

قاسم ئەعرەجی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد ڕایگەیاند " هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان زیان بە ناوبانگ و ئابووری عێراق دەگەیەنن، سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەین و هێرشکارەکان بە سزای خۆیان دەگەن."