وەزیری پلاندانانی عێراق: ڕێژەی هەژاری بۆ سەدا 10.8 دابەزیوە
وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی دەڵێت، ڕێژەی هەژاری لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و گەیشتووەتە 10.8%.
چوارشەممە، 30 تەممووزی 2025، محەممەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ڕێژەی هەژاری لە هەموو ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کەمی کردووە. بە گوێرەی ئامارەکانمان لە ساڵی 2018 بۆ 2024، ڕێژەکە لە 11.4%ـەوە بۆ 10.8% دابەزیوە."
وەزیری پلاندانانی عێراق لــــــە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش دا "ڕێژەی هەژاری لە عێراق لە ساڵی 2011ـەوە تاوەکوو ئێستا، بە ڕێژەی زیاتر لە 50% کەمی کردووە و هەوڵ دەدەین زیاتر کەمی بکەینەوە."
تەمیم، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەستەی ئاماری هەرێمی کرد بۆ هەماهەنگییەکانیان لە ڕووپێوی و ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی دۆخی هاووڵاتییان لە عێراق.
بە گوتەی وەزیری پلاندانانی عێراق، دیاریکردنی ڕێژەی هەژاری لە وڵاتەکە "کاریگەریی گەورەی لەسەر باشترکردنی دۆخی هاووڵاتییان و دیاریکردنی کێشەکان دەکات." باسی لەوەش کرد، دیاریکردنی ڕێژەکە وایان لێ دەکات، باشتر پلان بۆ چۆنییەتی خزمەتکردنی هاووڵاتییان دابنێن و بە وردی بەدوای گرفتەکاندا بگەڕێن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی کاری عێراق ڕایگەیاندووە، ڕێژەی بێکاری لە وڵاتدا بەتەواوی نازانرێت بەهۆی ئەوەی ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچن و گەشەی دانیشتوان لە وڵاتدا زۆر خێرایە.
لە لایەکی دیکەوە چەند هەفتەیەکە خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە دژی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا دەستیپێکردووە و داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەن، کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن. چەند جارێکیش لە خۆپیشاندانەکاندا، گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە.