مەهەپە ناوێکی نوێ بۆ کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا پێشنیاز دەکات
ئەندامانی مەهەپە لە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ باخچەلی کۆبوونەوە و ناوێکی نوێ بۆ کۆمیسیۆنەکە پێشنیاز دەکەن.
فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، ئەندامانی مەهەپە لە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا کە بڕیارە بۆ سەرخستنی پرۆسەی نوێی ئاشتی دابمەزرێنرێت؛ لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتەکەیان کۆبوونەوەتەوە.
بە گوێرەی پۆستەکەی فەتی یڵدز، کۆبوونەوەکە دوێنێ سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، بەڕێوەچووە و تێیدا ئەرک و ڕێکارەکانی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان تاوتوێ کراوە.
جێگری سەرۆکی مەهەپە لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیای بە "کۆمیسیۆنی برایەتی و هاودەنگی" ناو بردووە.
ئەم هەنگاوەی مەهەپە دوای ئەوە دێت، ڕۆژانی ڕابردوو؛ گولستان کلچ کۆچیغیت، بریکاری فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، دژی ناونانی کۆمسیۆنی "تورکیای بێ تیرۆرن" و گوتی، ئەگەر بڕیارە چارەسەرێکی دیموکراسی بۆ پرسی کورد بدۆزرێتەوە، پێویستە لەسەر بنەمای ناوی ئاشتی ڕاستەقینە و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی بێت، نەک گوزارشت لە تیرۆر و سیاسەتی ئەمنی بکات.
یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە میانی بەشداریکردن لە ڕێورەسمێکدا ڕایگەیاند، سەرەتای مانگی دەهاتوو کۆمیسیۆنی پەرلەمان کە بڕیارە بۆ پرۆسەی ئاشتی پێکبهێنرێت؛ دەست بە کارەکانی دەکات.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختیشی کردەوە، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان دەبێتە بنەمای بەهێزکردنی دیموکراسیی تورکیا؛ بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز گفتوگۆ دەکرێن و بڕیارەکان لە بەرژەوەندی خەڵکدا دەدرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕۆژی هەینییەوە، 25ـی تەممووزی 2025، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کردووە ناوی ئەندامانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە پێشکێش بکەن کە بڕیارە لە 51 ئەندام پێکبێت.
بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، ژمارەی ئەندامی لایەنە سیاسییەکان لە کۆمیسیۆنەکەدا بەم شێوەیە دەببێت: ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە چوار ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و رێبازی نوێش سێ ئەندام؛ هەریەکە لە هوداپار، یەنیدەن رەفاهـ، پارتی کرێکاران، پارتی رەنجدەران، پارتی دیموکرات و پارتی سۆسیال دیموکراتیش ئەندامێکیان بۆ دانراوە.
پێشنیوەڕۆی هەینی ڕابردوو (11ـی تەممووزی 2025) گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.
چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکوومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. پەکەکەش لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.