سی ئێن ئێن: ئیسرائیل دەریا لە غەززەییەکان قەدەغە دەکات
بەپێی فەرمانێکی ئەمنیی ئیسرائیل، غەززەییەکان بۆیان نییە چیتر ماسی ڕاو بکەن
غەززەییەکان کە بۆ ڕاوەماسی دەچنە ناو دەریا، لە لایەن بەلەم و فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکرێت، لە کاتێکدا قەیرانی مرۆیی گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک.
پێگەی سی ئێن ئێن، ڕاپۆرتێکی دەربارەی گوزەرانی ماسیگرانی غەززە بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە "غەززە لە سێ لاوە لە لایەن ئیسرائیلەوە گەمارۆ دراوە، لای خۆرئاواوە دەریایە، کە لە مێژە سەرچاوەیەکی سروشتی و لەبن نەهاتووی دابینکردنی خۆراکی خەڵکی غەززەیە."
لە کاتێکدا جیهان بە بینینی وێنەی منداڵە لە برساندا لاواز ونەخۆشکەوتووەکانی فەڵەستین حەپەساوە و ئیسرائیل بە هۆی ڕەفتاری توندوتیژی هێزەکانییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی نێودەوڵەتیی دەبێتەوە، غەززەییەکان، سەرباری هەڕەشەکانی ئیسرائیل، لە غەمی پەیداکردنی ژەمەخۆراکێکدان.
ئەو ماسیگرانەی کە پێشتر لە کەنارەکاندا بەلەم و تۆڕەکانیان بۆ ڕاوەماسی لە دەریای سپی ناوەڕاستدا ئامادە دەکرد، ئێستا ڕاوەماسییان لێ قەدەغە کراوە و بۆیان نییە بچنە ناو ئەو دەریایەی ساڵانێکە، سەرچاوەیەکی سەرەکی خۆراک و بژێوییانە.
هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) لە سەرەتای ئەم مانگەدا، فەرمانێکی ئەمنییان دووپات کردەوە کە غەززەییەکان نەک بۆیان نییە چیتر ڕاوەماسی بکەن، بەڵکوو لەمەولا تەنانەت بۆیان نییە لە کەناراوەکانیشدا مەلە بکەن! بەڵام برسییەتی سڵ لە مەرگ ناکاتەوە، بۆیە سەرباری هەڕەشەکانی سوپای ئیسرائیل، هێشتا ڕاوچییە غەززەییەکان ڕۆژانە، بۆ ڕاوە ماسی دەچنە نێو دەریا.
زیاد ئەبو عەمیرە، ماسیگر، بە پەیامنێری سی ئێن ئێن ی گوت: هیچ سەرچاوەیەکی تری خۆراکمان نییە جگە لەمە، ئەگەر ماسی ڕاو نەکەم، منداڵەکانم لە برسان دەمرن.
لێرە، لە کەناراوەکانی غەززە، منداڵانیش ڕاوەماسی دەکەن، حوسام سەعدوڵڵا، تەمەن 8 ساڵ، بە سی ئێن ئێن ی گوت: لە ماڵەوە 9 کەس چاوەڕێی منن تا ماسییان بۆ ببەمەوە.
ئەو لەگەڵ هاوڕێکەیدا تۆڕێکیان دروست کردووە و لە تەنکاوێکدا وردە ماسیی ڕاو دەکات.
حوسام دەڵێت: زۆر لە بەلەمە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەترسم، چونکە ئەگەر کەمێک بچینە قووڵایی دەریا، ئەوان تەقەمان لێ دەکەن.
فائیزەی تەمەن 7 ساڵ، بە کاوەخۆ ئەو پەنجە ماسییانە کۆ دەکاتەوە کە بە تۆڕەکەیەوە نووساون.
فائیزە دەڵێت: چاوەڕێم ماسیگرەکان لە دەریاوە بێنەوە و کەمێک ماسیم بدەنێ. ئاخر ئەم ماسییانە زۆر بچووکن و بەشمان ناکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO)، لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس زیاتر لە 21 مانگ لەمەوبەر دەستی پێ کردووە، زۆربەی بەلەمی ماسیگرەکان لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە تێکشكێنراون و ئەو فەلەستینیانەی کە تەنها چەند مەترێک لە دووری کەناراواکەوە ماسییان گرتووە، تەقەیان لێ کراوە.
ساڵانێکە غەززەییەکان ناتوانن بە ئازادی دەستیان بەم سەرچاوە سروشتییە بەنرخەی خۆراک ڕابگات؛ ئیسرائیل بە پێی ئاستی گرژییەکانی لەگەڵ حەماس، ڕاوەماسیی لە غەززەییەکان سنووردار دەکات؛ هەندێک جار بۆیان هەیە بە دووریی 5 کیلۆمەتر لەناو دەریاکەدا ڕاو بکەن و هەندێک جاریش کەناراوەکەشیان لێ قەدەغە دەکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل 7ی تشرینی یەکەمی 2023، ماسیگرانی غەززە ساڵانە نزیکەی 4 هەزار و 660 تۆن ماسییان ڕاو دەکرد و ئەوەش سەرچاوەیەکی گرنگی پرۆتینی بۆ دانیشتووانی غەززە دابین دەکرد و بەشداری لە کەمکردنەوەی هەژاری و خۆڕاگری لە بەرامبەر نائاسایشیی خۆراکدا.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی کشتوکاڵی غەززە، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل نزیکەی بە تەواوی بەلەمی ماسیگرەکانی غەززە و کێڵگەکانی بەخێوکردنی ماسییان وێران کردووە، بەرهەمی ساڵانەی ماسی بۆ 60 تۆن کەمی کردووە.