بازاڕی گواستنەوەی راهێنەران لە خولی ئەستێرەکانی عێراق گەرمە
بۆ وەرزی داهاتوو یانەکانی عێراق بۆ گواستنەوەی راهێنەران کێبڕکێ دەکەن

جیاواز لە وەرزەکانی پێشووی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەم وەرزە جگە لە گواستنەوەی یاریزانان، بازاڕی راهێنەرانیش گەرمە.
بەشێك لە یانەکانی بەشداربوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ وەرزی داهاتوو گۆڕانکاریی تەکنیکیان کردووە و گرێبەستیان لەگەڵ راهێنەری نوێ کردووە، بەشێكی دیکەیان تا ئێستا راهێنەری نوێیان دەستنیشان نەکردووە و بە نیازی راهێنەری نوێن.
یاسین ئاراس
یانەی نەورۆز، بۆ راهێنەرایەتی یانەکەی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، متمانەی بە یاسین ئاراس بەخشی.
یاسین تەمەنی 31 ساڵە و خەڵکی باکووری کوردستانە و لە سوید لە دایكبووە، پێشتر لە یانەکانی داڵکورد، مالمۆ و ئاریانای سوویدی راهێنەرایەتی کردووە.

تەلال بلووشی
یانەی تەڵەبە بۆ رێکخستنەوەی یانەکەی لە وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق، گرێبەستی لەگەڵ تەلال بلووشی قەتەری واژۆ کرد.
بلووشی تەمەنی 39 ساڵە و وەرزی رابردوو تا قۆناغەکانی کۆتایی خولی عێراقی، راهێنەری یانەی زاخۆ بوو.

رەشید جابر
یانەی قوە جەویە هەر زوو دەرفەتەکەی قۆستەوە و دوای چەند هەفتەیەك لە وازهێنانی رەشید جابری عومانی لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، گرێبەستی لەگەڵ ئەو پیاوە بە ئەزموونە واژۆ کرد.
رەشید تەمەنی 61 ساڵە و پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی سویق، زەفار، مەسقەت، سەیب و وەحداتی ئوردنی کردووە.

عەبدولغەنی شەهد
یانەی زەورا بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ سەکۆی نازناوەکان، بۆ وەرزی داهاتوو متمانەی بە عەبدولغەنی شەهد بەخشی.
راهێنەرەکە وەرزی رابردوو توانی یانەی زاخۆ بگەیەنێتە یاریی کۆتایی جامی عێراق و پلەی سێیەمی لە خولی ئەستێرەکان بۆ یانەکەی دەلال مسۆگەر کرد.
شەهد تەمەنی 57 ساڵە و پێش زاخۆ راهێنەرایەتی یانەکانی شورتە، تەڵەبە، نەجەف، نەفتی وەسەت و کەربەلای کردووە و ماوەیەك راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقی کردووە.

عەبدوڵڵا ئەبو زەمەع
یانەی نەفتی میسان بۆ وەرزی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق عەبدوڵڵا ئەبو زەمەعی ئوردنی کرد بە راهێنەری یانەکەی.
ئەبو زەمەع تەمەنی 49 ساڵە و پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی ئوردن و یانەکانی وەحدات، کوێتی کوێتی و ئیتیحاد کەلبای ئیماراتی بووە.

محەمەد عەبدولعەزیم
یانەی نەجەف لە ئەزموونێکی نوێ محەمەد عەبدولعەزیزمی میسری بۆ راهێنەرایەتی یانەکەی گواستەوە.
عەزیمە تەمەنی 57 ساڵە و پێشتر راهێنەرایەتی یانەی شورتەی کردووە دوای وازهێنانی موئمین سلێمان لە یانەکەی، ئەم وەرزە لە نەجەف درێژە بە کارەکەی دەدات.

حوسام بەدری
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 یانەی دهۆك لەگەڵ حوسام بەدری راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی میسر لە رێککەوتن نزیک بوونەتەوە.
بەدری وەرزی رابردوو راهێنەری زەورابوو، بەڵام خۆی دەستی لەکارکێشایەوە و پێشتریش راهێنەری یانەی ئەهلی میسری بووە.

ئالێن هۆرڤات
یانەی زاخۆ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئالێن هۆرڤاتی کرواتی دەستی بە گفتگۆ کردووە و دەیەوێت بیکات بە راهێنەری یانەکەی.
هۆرڤات پێشتر راهێنەرایەتی چەند یانەیەکی جیاوازی کردووە، کە دیارترینیان نەسری سعوودییە.

چەند یانەیەکی دیکەی خولی عێراق دەیانەوێت گرێبەستی راهێنەری یانەکانیان نوێبکەنەوە و بەشێکی دیکەیان چاویان لە هێنانی راهێنەری بیانییە بۆ یانەکانیان.