وردەکاریی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە

لە کاتی چاوەڕوانی بۆ وەرگرتنی خۆراک لە دەروازەیەکی باکووری کەرتی غەززە، لانیکەم 48 فەڵەستینی کوژران و دەیانی دیکە بریندار بوون.
پێنجشەممە، 31ـی تەممووز، ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشییەدت پرێس، ڕاپۆرتێکی دەربارەی نالەباریی بارودۆخی دانیشتوانی غەززە و ئاڵۆزییەکان لە کاتی دابەشکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە "بەرپرسانی نەخۆشخانەی شیفا، ڕایانگەیاند، تەقە لەو فەڵەستینیانە کراوە کە لە دەروازەی زیکیم، لە چاوەڕوانیی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکاندا کۆبووبوونەوە و لە ئەنجامدا لانیکەم 48 کەسیان کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون."
لە ڕاگەیەنراوی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی برسییەتیدا هاتووە "ئابڵۆقەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، بووەتە هۆی ئەوەی دابەشکردنی هاوکارییەکان کێشەی تێ بکەوێت. ئەمە جگە لەوەی هێزەکانی ئیسرائیل زۆرجار، تەقە لەو خەڵکە دەکەن کە نۆرەیان بۆ وەرگرتنی هاوکارییەکان گرتووە."
بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستیی لە کەرتی غەززە "هێرشە ئاسمانییەکان و تەقەی ئیسرائیل تا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 46 فەڵەستینی؛ جگە لەوەش حەوت فەڵەستینی دیکە، لەنێویاندا منداڵێک، بەهۆی کەمخۆراکییەوە مردوون."
لەبەرانبەردا، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە "ئێمە تەنیا تەقە لە چەکدارەکان دەکەین. چەکدارانی حەماس لە کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنی بەرپرسن، چونکە ئەوان لە پەنا دانیشتوانی سڤیلدا خۆیان حەشار دەدەن و تەقە لە هێزەکانمان دەکەن."
ئیسرائیل گەمارۆکەی سووک کردووە بەڵام ئاستەنگەکان هێشتا ماون
لەژێر فشاری قورسی نێودەوڵەتیدا، ئیسرائیل، لە کۆتایی هەفتەی پێشوودا زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بۆ ئاسانکاریی گەیاندنی هاوکاریی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ غەززە، ڕاگەیاند؛ بەڵام کارمەندانی نێودەوڵەتی دەڵێن: بڕە هاوکارییەکە هێشتا بەشی پێویستیی دانیشتوانی غەززە ناکات.
ئاسایشی خۆراکی یەکگرتوو (IPC)، کە دەسەڵاتی پێشەنگی جیهانییە لەسەر قەیرانەکانی برسییەتی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند "دۆخەکە بە شێوەیەکی دراماتیکی خراپتر بووە و هۆشداریلە 'مەرگی بەربڵاو' دا، ئەگەر هەنگاوی دەستبەجێ نەگیرێتەبەر."
بێسەروبەری لە دابەشکردنی هاوکارییەکاندا
هەروەها COGAT ، ئەو دەزگا سەربازییەی ئیسرائیل کە چوونەژوورەوەی هاوکارییەکان ئاسان دەکات، بڵاوی کردووەتەوە "ڕۆژی سێشەممە، زیاتر لە 220 بارهەڵگر گەیشتوونەتە غەززە، لە کاتێکدا ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن: ڕۆژانە 500 تا 600 بارهەڵگری خۆراک و یارمەتیی مرۆیی بۆ دانیشوانی غەززە پێویستە."
نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا خەریکی گەیاندنی ئەو هاوکارییانەیە بۆ کەرتی غەززە و زۆربەی بارهەڵگرەکان لەلایەن خەڵکەوە، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێسەروبەر، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلدا دادەگیرێن. لە کاتێکدا دامەزراوەی مرۆیی غەززە (GHF) کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتیوانی دەکرێت، سەرپەرشتیی داگرتن و دابەشکردنی هاوکارییەکان دەکات، بەڵام ئەوانیش ناتوانن ڕێ لەو بێسەروبەریی و ئاژاوەیە بگرن.
خستنەخوارەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بە فڕۆکە دەستی پێ کردووەتەوە، بەڵام زۆربەی پاکێجەکان لەو ناوچانە کەوتوونەتە خوارەوە کە بە فەڵەستینییەکان وتراوە چۆڵی بکەن، یان کەوتوونەتە ناو دەریای ناوەڕاستەوە و خەڵکەکە ناچارن، بە مەلە کیسە ئاردە تەڕبووەکان دەربهێنن.
منداڵان لە برسان دەمرن
لەوەتەی جەنگ لە غەززە دەستی پێ کردووە، 89 منداڵ بەهۆی بەدخۆراکییەوە مردوون. وەزارەتی تەندروستیی غەززە، ڕایگەیاند لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە، 65 هاوڵاتی پێگەیشتووی فەڵەستینیش بەهۆی بەدخۆراکییەوە مردوون.
ئیسرائیل نکوڵی لە بوونی هەر جۆرە برسێتییەک لە غەززە دەکات و ئەو ڕاپۆرتانە ڕەت دەکاتەوە کە لەلایەن ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و گرووپەکانی هاوکارییەوە ڕادەگەیەنرێن و دەڵێت: جەختکردنەوە لەوەی برسییەتی لە غەززە بڵاوبووەتەوە، هەوڵەکانی ئاگربەست تێک دەدات.
لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 حەماس، هێرشی کردە سەر باشووری ئیسرائیل و نزیکەی 1,200 کەسیان کوشت و 251 کەسی دیکەیان ڕفاند. کە هێشتا ژمارەیەکیان لەلای حەماس ماون.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە ئەنجامی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل زیاتر لە 60 هەزار فەڵەستینی لە نێوان چەکدار و خەڵکی سڤیلدا کوژراون.