بەغدا.. هه‌ڵمه‌تی لابردنی شوێنه میللییه‌كان ناڕەزایەتیی لێ کەوتووەتەوە
هه‌ڵمه‌تی لابردنی شوێنه میللییه‌كان له به‌غدا، به‌بیانووی سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆیی، نیگه‌رانیی خەڵک و کاسبکارانی به دوای خۆیدا هێناوه، به تایبه‌تی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی بازاڕه میللییه‌كانی گرتووەته‌وه.
یەکێک لەو شوێنە میلییانەی بڕیاری لادانیان دراوە، بازاڕی "مریدی زه‌ین"ـە کە شوێنی فرۆشتنی سه‌وزه و میوه‌یه له ناوچه‌ی سه‌دری به‌غدا و زیاتر لە 30 ساڵە کراوەتەوە. بڕیارەکە، کاسبکار و كرێكارانی ئه‌و شوێنه‌ی نیگەران کردووە، چونکە به سه‌رچاوه‌ی داهاتی ڕۆژانه‌ی ماڵ و خێزانه‌كانیان داده‌نێن.
هەڵمەتی لابردنی سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆییه‌كان بە شێوه‌یه‌كی بەرفراوان لە شاری سەدر و ناوچەکانی دیکەی بەغدا بەردەوامە، هه‌ڵمه‌ته‌كان زۆرێک لە بازاڕە میللییه‌كان ده‌گرێته‌وه، ئه‌م جۆره هه‌ڵمه‌تانه زیانیان بۆ ده‌رفه‌تی كار هه‌یه و به‌و هۆیه‌وه سەدان کرێکار بێ کار و بێ سەرچاوەی داهات دەمێننەوە، ناشزانن دوای ئه‌وه‌ی بازاڕه‌كه‌یان نه‌ما بۆ كوێ بچن له كوێ سه‌رچاوه‌ی ژیانی ماڵ و خێزانه‌كانیان په‌یدا بكه‌ن؟
خاوه‌نی عاره‌بانه‌یەک دەڵێت: "ئه‌م بڕیاره ته‌واوی بازاڕه‌كه ده‌گرێته‌وه، نزیکەی 15 هەزار عاره‌بانه‌ی تێدایە، نزیکەی 40 هەزار خێزان له‌سه‌ر ئه‌م شوێنه ده‌ژین، بۆچی ئه‌م شوێنه تێكده‌ده‌ن، ئەمە زوڵم و نادادپەروەرییە به‌رانبه‌رمان ده‌كرێت."
کاسبکارێکی دیکەی بازاڕەکە باس لەوە دەکات "بڕیاری لابردنی بازاڕی مریدی زه‌ین، به‌بیانووی سه‌رپێچی ده‌رچووه، باشه ئه‌م خه‌ڵكه بۆ كوێ ده‌چن، هیچ شوێنێكی دیكه‌یان نییه تا كاری تێدا بكه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه بڕوات، خه‌ڵك له جیاتی ئه‌م ئیشه‌یان، ڕێگه‌ی دیكه‌ی وه‌ك دزی بێت یان مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌گرنه‌به‌ر."
کاسبکارانی بازاڕەکە جەخت دەکەنەوە، لە دژی لابردنی سەرپێچی و زێدەڕۆییەکان نین و دەڵێن "زۆربه‌مان هاوكاری تیمه‌كانمان كردووه، ئێستا دۆخه‌كه به‌جۆرێكه، زۆربه‌ی خێزانه‌كان له چینی مامناوه‌ندن و بژێوی ژیانیان له‌سه‌ر ئه‌م بازاڕه‌یه، ئه‌گه‌ر لێره بڕوخێنرێت، داوای شوێنێكی دیكه ده‌كه‌ین بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیانمان، بۆ حكوومه‌ت ئاسانه ناوچه‌یه‌كی دیكه‌مان بۆ دروست بكات."
بەم دواییە چەندان بازاڕ لە بەغدا، بە بیانووی نه‌هێشتنی زێده‌ڕۆیی لابراون، کرێکارەکانیشی بێ کار دەبن و داوا دەکەن، کارێکی دیکەیان بۆ دابین بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان پەیدا بکەن.