ئەو هاووڵاتییەی هەولێر كه‌ لە گۆلی دلا بارزان نوقم بوو، ته‌رمه‌كه‌ی دۆزرایەوە

بەیانی ئەمڕۆ هاوڵاتییەکی تەمەن 29 ساڵ کە خاوەنی سێ منداڵە لە گۆلی دلا بارزان نوقم بووبوو، لە دوای گەڕانێکی زۆر تەرمەکەی دۆزرایەوە؛ بەڕێوبەری بەرگریی شارستانیی مێرگەسووريش ده‌ڵێت، تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی کراوە.

شەممە، 2ـی ئابی 2025، کاروان میراودەلی، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی سۆران بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت: کاتژمێر 10:30 پێشنوەڕۆی ئەمڕۆ، هاووڵاتییەکی هەولێر بە ناوی ڕێکار عەبدوڵڵا ئیبراهیم کە لەگەڵ هاوڕێییەکی لە گۆلی دلا بارزان مەلەی کردووە، نوقم بووە.

بەرگریی شارستانیی مێرگەسۆر ڕوونی كردووه‌ته‌وه‌، لە دوای ڕووداوەکە تیمەکانیان و تیمی مەلەوانیی مێرگەسۆر گەیشتنە شوێنەکە و گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی دەستی پێ کرد، پاشان تەرمەکەیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ و ڕەوانەی پزیشکی دادییان كردووه‌.

هاووڵاتیی ڕێکار عەبدوڵڵا ئیبراهیم شەوی ڕابردوو لەگەڵ 19 هاوڕێی بەمەبەستی سەیران چوونەتە دەڤەری بارزان و لەوێ ماونەتەوە. بەیانیی ئەمڕۆش دوو کەسیان بۆ مەلەکردن چوونەتە ناو گۆلی دلا بارزان و لە کاتی مەلەکردندا ڕێکار عەبدوڵڵا نوقم بوو و هاوڕێکەی دیکەی ڕزگار بوو.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment