دوای ئاگرەکەی کوت، زۆرترین شوێن بەهۆی نەبوونی مەرجی سەلامەتی لە پارێزگای نەجەف داخراوە
دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی کوت و گیانلەدەستدانی دەیان کەس، لە پارێزگای نەجەف هەڵمەتی بەسەرکردنەوەی شوێنە گشتییەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە مەرجەکانی سەلامەتی بەردەوامن، بەوهۆیەوە لیژنەکان 150 شوێنیان داخستووە.
عەقید موفید سال، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی پۆلیسی نەجەف بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزیری ناوخۆ، هەڵمەتەکانی بەسەرکردنەوەی شوێنە گەشتیاریی و بازرگانییەکان بەردەوامە. پارێزگای نەجەف لەسەرووی ئەو پارێزگایانەیە کە زۆرترین شوێنمان ڵێ داخستووە بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی. کارەکانیشمان بەردەوام دەبن.
ئەو شوێنانەی بڕیاری داخستنیان دراوە دابەشبوون بەسەر بازاڕە میلییەکان و کۆگا و سەنتەرە بازرگانییەکان. ئەو شوێنانە لەدەرەوەی چوارچێوەی فەرمی و ڕێگەپێدانەکانی سەلامەتی کاریان کردووە، هەروەها کەرەستەی پێویستی ئاگرکەوژێنەوەیان تێدا نەبووە، پێشتریش چاودێری بازاڕ بەسەرینەکردوونەتەوە.
تەلال حەسەن، چالاکوان گوتی: لەگەڵ هەموو کارەساتێک کە بەسەر عێراقدا دێت، بەرپرسانی حکوومی پەنادەبەنەبەر دروستکردنی لیژنە و دوورخستنەوەی هەندێک لە بەرپرسە ناوخۆییەکان. کەسیش نازانێت ئەنجامی ئەو لیژنانە بەکوێ دەگات. پێویستە کێشەکان لە بنەڕەتەوە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەویش ڕێگەنەدان بە دروستکردنی باڵەخانە و شوێنەکان ئەگەر مەرجەکانی سەلامەتیان تێدا نەبوو، هەروەها پێویستە بەسەرکردنەوەی شوێنەکان بە بەردەوامی هەبێت.
پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە مۆڵیکی پێنج نهۆمی لە شاری کوتی سەر بە پارێزگای واست، 69 کەس گیانیان لە دەستدا، کە زۆرینەیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە خنکابوون.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بارەی ڕووداوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، باڵەخانە پێنج نهۆمییەکە، لە خواردنگەیەک و هایپەرمارکێتێک پێکدێت و تەنیا حەوت ڕۆژبوو کراوبوویەوە.