نووسینگەی ناتانیاهۆ: سەرۆک وەزیران بە دۆخی بارمتەکان شۆک بووە

وێنەی لای ڕاست ساڵی 2023، ناوەڕاست مانگی شوباتی 2025، وێنەی لای چەپ مانگی تەممووزی 2025
وێنەی لای ڕاست ساڵی 2023، ناوەڕاست مانگی شوباتی 2025، وێنەی لای چەپ مانگی تەممووزی 2025

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند،  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، شۆک بووە بەو گرتە ڤیدیۆییەی حەماس و جیهادی ئیسلامیی کە دوو بارمتەی ئیسرائیلیان لە غەززە بڵاو کردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هاتووە؛ "سەرۆک وەزیران شۆک بووە لە بەرامبەر ئەو گرتەڤیدیۆیانەی لەلایەن حەماسەوە بڵاو کراونەتەوە و بە بنەماڵەکانی ڕاگەیاندوون کە هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان بەردەوامە".

دوو گرتە ڤیدیۆیی کە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە لەلایەن حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە بڵاو کراونەتەوە و تێیدا ڕۆم براسلاڤسکی و ئێڤیاتار دەیڤد، دەردەکەون کە ماندوو و برسین و خەریکی هەڵکەندنی زەوین، ئەمەش ناڕەزایی بەرفراوانی ئیسرائیلی لێکەوتەوە و بووەتە هۆی ئەوەی داوای ڕێککەوتنێک بکرێت لە زووترین کاتدا بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.

بەهۆی بڵاو کردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەوە، ناڕەزایی و تووڕە بوونی ئیسرائیلییەکانی لێ کەوتەوە و هەزاران کەس لە گۆڕەپانی بارمتەکان لە تەلئەڤیڤ گردبوونەوە.

ئەو دوو بارمتەیە، لەنێو ئەو پەنجا بارمتەیەدان کە لە کەرتی غەززە دەست بەسەرن و گومان دەکرێت لانیکەم 20 کەسیان هێشتا لە ژیاندا مابن.

گرووپە چەکدارەکان، گرتە ڤیدیۆییەکانیان لە کاتێکدا بڵاوکردەوە کە دانوستانەکانی ئاگربەست ڕاگیراون و فەڵەستینییەکان ڕووبەڕووی قەیرانێکی برسییەتیی بەرفراوان بوونەتەوە.

لای خۆیەوە ڕۆژنامەی 'ئیسرائیل ئەلیەوم' ڕاستڕەو نووسیویەتی؛ "دڕندەیی حەماس هیچ سنوورێک ناناسێت"، هاوکات هائارێتزی چەپ دەڵێت؛ "ناتانیاهۆ هیچ پەلەیەکی نییە" بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکان.