پیردەیان جەعفەر: حکوومەتی عێراق لە پرسی ئێزدییەکان کەمتەرخەمە
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدەرەوەی قەیرانەکان لە دهۆک ڕایگەیاند، نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست و کەمتەرخەمی حکوومەتی عێراق لە بەرانبەر پرسی شنگال وای کردووە، ئاوارەکان نەگەڕێنەوە نێو زێدی خۆیان، دەشڵێت تا دێت دۆخی کەمپەکان خراپتر دەبێت و ژمارەی ئاوارەکان زیاد دەبن، لە بەرانبەردا خەرجی و هاوکارییەکانی کەم دەبن.
پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدەرەوەی قەیرانەکان لە دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: لە پارێزگای دهۆک 15 کەمپی ئاوارەی ئێزدییەکان هەیە، کە نزیکەی 20 هەزار و 830 هەزار خێزان لە نێو کەمپەکان و زیاتر لە 35 هەزار خێزانی ئێزدی لە دەرەوە کەم دەژین، بەمەش نزیکەی 280 هەزار ئاوارەی شنگالمان هەیە. ئاماژەشی دا، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو زیاتر 800 خێزان دوای گەڕانەوەیان بۆ شنگال، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری کارەبا، خواردن و خواردنەوە و مەترسی لەسەر ناوچەکە دیسان گەڕاونەتەوە نێو کەمپەکان.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدەرەوەی قەیرانەکان لە دهۆک باسی لەوەش کرد، تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر شنگال بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستاون و قەرەبووی قوربانیانی شنگال وەکوو پێویست نەکراوە، ئەمنییەتی ناوچەکە پارێزراو نەبووە، ئەو خواردن و پێداویستییەی حکوومەتی عێراق بۆ ئەو خێزانانەی دابین کردووە کەمی کردووە، بە شێوەیەک ساڵی ڕابردوو لە 12 مانگ تەنیا حەوت مانگ دابەش کرا، ئەمساڵیش تاوەکوو ئێستا تەنیا دوو جار دابەش کراوە. دەشڵێت: حکوومەتی عێراق وەکوو بابەتێکی سیاسی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەکات.
گوتیشی: حکوومەتی عێراق ساڵی ڕابردوو بڕیاری دا کە لە 31ـی تەممووزی 2024، نابێت هیچ کەمپێکی ئاوارە ئێزدییەکان بمێنێت، هەموویان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و هەر خێزانێکیش چوار ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا. ئەوەشی خستە ڕوو، لە ساڵی ڕابردوو تەنیا شەش هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال تۆمار کردبوو، بەڵام تەنیا سێ هەزار کەس قەرەبوو کرانەوە، ئەمەش وای کردووە، متمانە لای ئاوارەکان نەمێنێت نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
پیردەیان جەعفەر ئاماژەشی دا، نزیکەی دوو ساڵە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەرجی ئاو و کارەبای 20 کەمپ لە سنووری پارێزگای دهۆک کە پێنجیان کەمپی پەنابەرەکانە دابین دەکات، کە مانگانە دەکاتە نزیکەی سەدان ملیار دینار. هاوکات %80 هاوکارییەکانی ڕێکخراوە مرۆییەکان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کەمی کردووە. ڕوونیشی کردەوە، کەرتەکانی پەروەردە، تەندروستی و کارەبا و ئاو و خاوێنکردنەوەی کەمپەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدەرەوەی قەیرانەکان لە دهۆک دەشڵێت بۆ ئەوەی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان خێراتر بێت، چەند داواکاریمان ئاراستەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد ئەوانیش: هەر خێزانێکی بۆ گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی پێویستی بە 20 ملیۆن دینار هەیە، ئەوانەی دەرەوەی کەمپەکانیشین دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە و پێکهێنانی لیژنەیەک نۆ تۆمارکردنی هەموو ئاوارەکان، بەڵام تاوەکوو ئێستا وەڵامی داواکارییەکانمان نە دراونەتەوە.