وەزارەتی ناوخۆی سووریا: مەترسیدارترین بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کرا

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی تاوانبارێکی ڕاگەیاند کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین بازرگان و قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکانی ناوچەکە دادەنرێت و لەلایەن چەند وڵاتێکەوە داواکراوە. 

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە زاری عەمید خالد عید، بەڕێوەبەری بەشی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرەوە بڵاوی کردەوە، تیمە تایبەتەکانیان توانیویانە عامر جدەیع شێخ دەستگیربکەن، کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین کەس لە تۆڕەکانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە سووریا و ناوچەکە دادەنرێت. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، شێخ هەوڵی داوە بە بەکارهێنانی ناسنامە و پاسپۆرتی ساختە دەربازی تورکیا بێت، بەڵام هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان سووریا و تورکیا، دەسەڵاتدارانی سووریا زانیاریی دروستیان سەبارەت بە جموجۆڵەکانی ئەو داواکراوە بە تورکیا داوە، ئەوانیش دەستگیریان کردووە و ڕادەستی حکوومەتی سووریایان کردووەتەوە. 

وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاندووە، عامر جدەیع شێخ بە یەکێک لە دیارترین بازرگان و قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکە دادەنرێت، هەروەها لەلایەن چەند وڵاتێکەوە داواکراوە بەهۆی تاوانە قورس و ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە دروستکردن و قاچاخکردنی ماددەی هۆشبەر.

هاوکات میدیاکانی سووریا بڵاویان کردووەتەوە، ئەو بازرگانەی ماددە هۆشبەرەکان پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی قاچاخچێتی و کەسایەتییە دیارەکانی ڕژێمی پێشووی سووریا هەبووە، دیارترینیان ماهر ئەسەد و کاری بە قاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەی وڵات بووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment