وادەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی 'ڕووناکی' لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاگەیەنرا

بڕیارە تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، پڕۆژەی ڕووناکی لە ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەوروبەری جێبەجێ بکرێت. 

دووشەممە، 04ـی ئابی 2025، ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران؛ لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی 'ڕووناکی' لەو سنوورە، قسەی بۆ تەیفوور محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 کرد. 

ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم گوتی "لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم (10) دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی 'ڕووناکی' لە ناوەندی  ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەموو قەزا، ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری دەکرێت و پرۆسەکە تاوەکوو کۆتایی مانگی 10 بەردەوام دەبێت، واتا یەک مانگ دەخایەنێت."

بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای سۆران باسی لەوەش کرد "جارێ یەکلایی نەکراوەتەوە، پڕۆژەکە لە ناوەند یان گوندەکانی دەوروبەری دەستپێدەکات، بۆ ئەم مەبەستە هەماهەنگی لەگەڵ 'تیمی ڕووناکی' لە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین؛ پێمان باشترە سەرەتا لە گوندەکانی دەوروبەر جێبەجێ بکرێت، چونکە موەلیدەی ئەهلییان نییە و تەنیا پشت بە کارەبای نیشتمانی دەبەستن."

لەبارەی ئەو ماڵانەی پێوەری زیرەکی کارەبایان نەبەستووە بە تایبەت لە گوندەکان، ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم گوتی "ئەو تیمەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران کە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی 'ڕووناکی" سەردانی سنوورەکەمان دەکات، پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ ماڵی هەموو ئەو هاووڵاتییانە دەبەستن کە نەیانبەستووە، ئینجا چ دانیشتووی ناوەندی شار بن یان گونددەکانی دەوروبەری."

 بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای سۆران دووپاتی کردەوە "گەیشتنی پڕۆژەی 'ڕووناکی' موژدەیەکی خۆشە بۆ گوندنشینان و هەموو خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. بە دڵنیاییەوە، گرنگترین پڕۆژەی هەموو کابینە یەک لەدوا یەکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە 30 ساڵی ڕابردوودا، چونکە کێشەی کەمی کارەبا بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارە دەکات."

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە شەش قەزا، 13 ناحیە و زیاتر لە هەزار گوند پێک دێت؛ ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 350 هەزار کەسە. ناوچەیەکی بازرگانی، گەشتیاری و کشتوکاڵییە و دەکەوێتە سێگۆشی سنووریی ئێران، عێراق و تورکیا. 

بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پڕۆژەکە، پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبای زیاتر لە 2,700,000 هاووڵاتیی کردووەتە 24 کاتژمێری؛ ئەمەش نزیکەی %40ی سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە. بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026ـیش بگاتە سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

پڕۆژەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پاککردنەوەی ژینگەی کوردستان هەبووە، ئەمەش بەهۆی کوژاندنەوەی مۆلیدەی گازوایلی گەڕەکەکان و کەمکردنەوە دەردانی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن.