کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا یادی جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکاتەوە
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان بەبۆنەی 11 ساڵ تێپەڕین بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان، ژمارەیەک چالاکی لە زیاتر لە 20 وڵات و شار لە ئەورووپا و ئەمەریکا ڕێکخست، کە تێیدا وێنە و زانیاری لەسەر قوربانیان و جینۆسایدی شنگال پێشکەش کراوە.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، ڕۆژی یەکشەممە 3ی ئابی 2025، بە بۆنەی یاد کردنەوەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی کە لەلایەن تیرۆریستانی دڕندە و بێبەزەیی داعش لە 3ی ئابی 2014 کرا، لە سەرانسەری چەند پایتەخت و شارێکی دیاسپۆرا بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدان و قوربانیان چەند چالاکییەک بەڕێوە چوو، هاوکات لە چالاکییەکەدا وێنەی قوربانیانی نمایش کرا مۆم بۆ گیانی قوربانییان داگیرسا و زانیاری لەبارەی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە چیای شنگال پێشکەش کرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەش دراوە، چالاکییەکانی ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی زانیاری لەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو کاریگەرییەکی زۆر باشی هەبوو.
باسی لەوەش کردووە، وەک کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، هەموو هێز و توانای خۆیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دا دەخەینە خزمەتی کوردە ئێزدییەکان بۆ ئەوەی جینۆسایدی شنگال بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بناسرێت و دانی پێدا بنرێت. هیواش دەخوازن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ڕێکبکەون، بۆ ئەوەی ئێزدییەکان بتوانن بگەڕێنەوە نێو زێدی خۆیان و ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێ بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بە ناوی ئەو شار و وڵاتانە کراوە کە چالاکییەکان تێیدا بەڕێوە چوون ئەوانیش: بەرلین، برۆکسل، ئەمستردام، ناشڤیڵ لە ئەمەریکا، ئۆسلۆ، تفلیسی، ڤیەننا، ستۆکهۆڵم، ستاڤرۆپۆل، بیشکێک، ئەلماتی، زیوریخ، هێلسینگبۆرگ، مۆنتاوبان،، ڤانکۆڤەر (کەنەدا)، کاسێل، برێمن، وۆڵفسبورگ، دوسێلدۆرف، مونستەر.