حزبوڵڵا: حکوومەتی لوبنان بڕیارێکی هەڵەی داوە

حزبوڵڵای لوبنانی وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە بڕیاری حکوومەتی ئەو وڵاتە بۆ چەکداماڵینی چەکدارانی بەرەی مقاوەمە ڕایگەیاند، حکوومەت بە دەرکردنی ئەو بڕیارە هەڵەیەکی گەورەی کرد.

چوارشەممە، 6ـی ئاب 2025، ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاوی کردەوە، حزبوڵڵای لوبنانی لە ڕاگەیەندراوێکدا لە وەڵامی بڕیاری حکوومەت بۆ چەکداماڵینی چەکدارانی بەرەی مقاوەمە ڕایگەیاند "ئەم بڕیارە بەشێکە لە ستراتیجیی خۆبەدەستەوەدان و پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما و پرەنسیپەکانی سەروەریی لوبنانە."

 حیزبوڵڵا ڕایگەیاندووە "بڕیارەکەی حکوومەتی نەواف سەلام، سەروەریی لوبنان لاواز دەکات و ئازادیی تەواو بە ئیسرائیل دەدات بۆ دەستوەردان لە ئاسایش، جوگرافیا، سیاسەت و داهاتووی لوبنان."

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی حزبوڵڵای لوبنانیدا هاتووە "ئێمە (بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی لوبنان) دان بەو بڕیارەی حکوومەتی نەواف سەلامدا نانێن بە نەبووی لە قەڵەم دەدەین."

حزبوڵڵای لوبنان جەختی کردەوە، ئەم بڕیارە لەلایەن نێردەی ئەمەریکاوە سەپێنراوە، بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دابین دەکات و لوبنان لە بەرانبەر دوژمناندا دەستەوسان دەکات.

حیزبوڵڵا هەروەها ڕایگەیاند "ئێمە ئامادەی گفتوگۆین بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، ئازادکردنی خاکەکەمان، ئازادکردنی دیلەکان، بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی وڵات.

حکوومەتی لوبنان بەم دواییانە داوای لە سوپای وڵاتەکەی کردووە تا کۆتاییی ئەمساڵ، پلانێک بۆ چەکداماڵینی چەکدارانی بەرەی مقاوەمە دابڕێژێت بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی سوپای لوبناندا بێت.. ئەمە لە کاتێکدایە کە حزبوڵڵای لوبنانی ڕایگەیاندووە "تا ئەو کاتەی ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان بەردەوام بێت، بەرەی مقاوەمە هەر خشتەیەکی کاتی بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانی ڕەت دەکاتەوە."

دوێنێ، سێشەممە، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە کە داوا لە بەرەی مقاوەمە دەکەن خۆی بەدەستەوە بدات و گوتی: ئێمە کۆیلەی هیچ کەسێک نین!

قاسم هەروا گوتی: وا باشترە ئیسرائیل خۆی لە شەڕێکی بەرفراوان بەدوور بگرێت، چونکە مقاوەمە و سوپا و خەڵکی لوبنان لە بەرانبەر هەر دەستدرێژییەکدا دەوەستنەوە و ئەو ئاسایشەی ئیسرائیل لە ماوەی هەشت مانگدا دروستی کردووە، لە کەمتر کاتژمێردا دەڕووخێت.

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا جەختی کردەوە، ڕادەستکردنی چەکی مقاوەمە بە هیچ شێوەیەک نابێتە هۆی ڕاگرتنی دەستدرێژییەکان و ئەمە شتێکە بەرپرسانی ئیسرائیلییش دانیان پێدا ناوە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment