سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل دژی بیرۆکەی داگیرکردنی غەززەیە
سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ڕایگەیاند: داگیرکردنی غەززە بیرۆکەیەکی زۆر خراپە و لەبری ئەوە، باشترین ڕێگە ئەوەیە، حکوومەتیان بۆ دروست بکەن و ئیدارەی بکەن.
یائیر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، خەڵکی ئیسرائیل لەگەڵ شەڕی غەززە نییە، چونکە لەڕووی مرۆیی و ئابوورییەوە، باجێکی قورس دەدەن.
گوتی: بە سەرۆک وەزیرانم گوت داگیرکردنی غەززە بیرۆکەیەکی زۆر خراپە، ئێمە وەک دەوڵەتی ئیسرائیل ناچینەوە شەڕەوە، مەگەر زۆرینەی خەڵک لەگەڵ شەڕ بێت و پشتیوانیمان بکەن، بەڵام ئێستا زۆرینەی خەڵکی ئیسرائیل لەگەڵ شەڕەکە نین، ئێمە باجێکی قورس دەدەین، گیانی خەڵک دەکەینە قوربانیی، لەگەڵ ئەوەشدا، پارەیەکی زۆر لەدەست دەدەین.
یائیر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، لەبری داگیرکردنی غەززە و لکاندنی بە ئیسرائیلەوە، پێویستە وڵاتی میسر بێنینە غەززە و ڕێگەیان پێ بدەین، ئەوان لەبری ئێمە حکوومەتیان بۆ دروست بکەن و ئیدارەیان بکەن، دواتر ئێمە سەرنجمان دەخەینە سەر بابەت و پێویستییەکانی دیکە، لەوانەش، لەناوبردنی حەماس.
دەڵێت: داگیرکردنی غەززە لەڕووی کردەیی، ڕەوشت و ئابوورییەوە، بیرۆکەیەکی خراپە.
06ـی ئابی 2025، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە کەرتی غەززە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی بەدخۆراکی و برسێتییەوە پێنج حاڵەتی دیکەی مردن تۆمار کراون.
بە گوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، تاوەکوو ئێستا 193 کەس لە دانیشتووانی کەرتی غەززە بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لە دەست داوە، کە 96ـیان منداڵن.
وەزارەتەکە دوا ئامارەکانی قوربانییانی غەززەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا تەرمی 87 هاووڵاتی و 644 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی غەززە؛ ئەمە جیا لەوەی ژمارەیەکی زۆری تەرم لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە و تا ئێستا دەرنەهێندراون.
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل ئاماژەی بە کۆی قوربانی شەڕی غەززە داوە، کە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکوو ئێستا، 61 هەزار و 20 کوژراو و 150 هەزار و 671 کەس بریندار بوون.