سەرۆکی پۆلیسی شاری مۆرهێدی ئەمەریکا: ڕەوەندی کوردی ڕۆڵێکی گرنگی لە گەشەی شارەکەماندا هەیە

کریس هێلمیک، سەرۆکی پۆلیسی شاری مۆرهێد
کریس هێلمیک، سەرۆکی پۆلیسی شاری مۆرهێد

سەرۆکی پۆلیسی شاری مۆرهێد لە ویلایەتی مینیسۆتا، ستایشی بەشدارییەکانی ڕەوەندی کوردی لە مۆرهێد دەکات و خوازیارە ئەفسەری کوردی زیاتر دامەزرێنرێت بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی فرەچەشنیی شارەکە بن. 

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕەحیم ڕەشیدی، بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن، کریس هێلمیک، سەرۆکی پۆلیسی شاری مۆرهێد لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمەریکا، جەختی لە ڕۆڵی گرنگیی ڕەوەندی کوردی لە گەشە و پێشکەوتنی شارەکەدا کردەوە و ستایشی بەشدارییەکانیانی کرد و ئارەزووی بەهێزی خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان دەربڕی.

هێلمیک، جەختی لەوە کردەوە ڕەوەندی کوردی بووەتە بەشێکی دانەبڕاو و لە گەشەکردنی فرەچەشنیی دانیشتووانی مۆرهێد. ئەو گوتی: ئاشکرایە ڕەوەندی کوردی بەشێکی گەورەی شارەکەمانە، بوونیان نەک هەر بەرچاوە، بەڵکو کاریگەریشی هەیە. ژمارەی کوردان لەم شارەدا لە گەشەکردندایە و بە دڵنیاییەوە بەشێکی زۆر گرنگی کۆمەڵگەکەمانن.

سەرۆکی پۆلیسی مۆرهێد، جەختی لە گرنگیی دروستکردنی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ هەموو گرووپەکانی کۆمەڵگەدا کردەوە، بەتایبەتی لەگەڵ ڕەوەندی کوردی، کە بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن و گوتیشی: بۆ ئێمە زۆر گرنگە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ڕەوەندی کوردیدا هەبێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەشێکی گەورەی دانیشتوانی مورهیدن.

سەبارەت بە گشتگیری و نوێنەرایەتی، هێلمیک، پابەندبوونی خۆی بۆ فرەچەشنکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ڕاگەیاند و گوتی: یەکێک لەو شتانەی حەز دەکەین بیبینین، ئەندامی کوردی زیاترە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسدا، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانین باشتر ڕەنگدانەوەی دانیشتووانی مۆرهێد بین.

 بە گوتەی هێلمیک، بوونی ئەفسەرانی کورد لە هێزی پۆلیسدا متمانە بەهێز دەکات و تێگەیشتنی کولتووری لەناو کۆمەڵگەدا زیاد دەکات.

سەرۆکی پۆلیسی مۆرهێد، ستایشی بەشدارییەکانی دانیشتووانی کوردی کرد لە گەشەی گشتیی شارەکەدا و گوتی:  بە دڵنیاییەوە ڕەوەندی کوردی لە گەشە و سەرکەوتنی شارەکەدا بەشدارن و ئێمە بەڕاستی چێژ لە بوونیان وەک بەشێک لە کۆمەڵگەکەمان وەردەگرین.

هێملیک دەڵێت: شاری مۆرهێد، وەک هەر شارێکی دیکە، وەڵامی هەموو شتێکی لا نییە، بەتایبەتی لە بواری حوکمڕانی و جێبەجێکردنی یاسادا. بەڵام پێموایە لە ڕێگەی ئەزموون و وانە هاوبەشەکانەوە، شار و کۆمەڵگەکان دەتوانن پەیوەندییەکی بەردەوام دروست بکەن کە لەسەر بنەمای هاریکاری و هاوسۆزی بنیات نرابێت. 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment