سیروان بارزانی: پێویستە فیداکاریی و قارەمانێتیی پێشمەرگە لە دژی داعش لە مێژوودا بنووسرێتەوە

سیروان بارزانی، فەرماندەی گشتیی میحوەری گوێڕ-مەخمووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان
سیروان بارزانی، فەرماندەی گشتیی میحوەری گوێڕ-مەخمووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان

سیروان بارزانی لە ساڵیادی هێرشی داعش بۆ سەر میحوەری گوێڕ و مەخموور، دەڵێت "پێشمەرگە بە چەکی قورس داعشی تێکشکاند و دەبێت فیداکاریی و قارەمانێتییکەی لە مێژوودا بنووسرێتەوە." ئاماژە بەوەش دەدات "دەرفەت بۆ داعش بڕەخسێت، ئامادەیە بە هەمان بیروباوەڕ بگەڕێتەوە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 07ـی ئابی 2025، 11ـەمین ساڵیادی هێرشی داعشە بۆ سەر میحوەری گوێڕ و مەخموور. دوای ئەوەی مووسڵ و چەندان ناوچەی دیکەی عێراقی کۆنترۆڵ کرد، داعش دەیویست لەو هێرشەیدا، هەولێر و دواتریش هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان داگیر بکات، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە ڕووبەڕوویان بوونەوە و هەموو هێرشەکانیان تێکشاند. دواتر هێرشی پێچەوانە دەستیپێکرد و هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان ڕزگار کران. 

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخمووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە کاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆی کوردستان24 کە لە لایەن کۆمار نادرەوە پێشکەش کرا؛ باسی لەو هێرشەی داعش و چۆنییەتی تێکشکاندنی ڕێخکراوە تیرۆریستییەکەی کرد. 

سیروان بارزانی گوتی "تیرۆریستانی داعش لە ڕێگەی گوێڕەوە بەرەو هەولێر پێشڕەوییان دەکرد، دەیانویست شارەکە کۆنترۆڵ بکەن و تەنیا 35 کیلۆمەتر لە هەولێرە دووربوون. سەرۆک بارزانی فەرمانی بەرگریی دا و هێزەکانی پێشمەرگەی بەسەر چەند میحوەرێکدا دابەشکرد. لە نزیک هەولێر، هێزەکانی پێشمەرگە، ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بوونەوە و بۆ جاری یەکەم لە عێراق و سووریا، لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە تێک شکێنران."

بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخموور باسی لەوەش کرد "کاتێک داعش هێرشی کردە سەر هەولێر، لە لوتکەی هێزیدا بوو؛ سەدان هەزار چەکدار، چەکی قورس، هەمەر و سەدان ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕی دەست کەوتبوون کە سوپای عێراق لە دوای خۆی بەجێی هێشتبوون، بۆیە ترسیان لە لای هەموو وڵاتانی ناوچەکە دروست کردبوو. مووسڵ و چەندان ناوچەی دیکەیان بەبێ شەڕ کۆنترۆڵ کردبوون، بەڵام لە نزیک هەولێر بۆ جاری یەکەم لەسەر دەستی پێشمەرگە تێک شکێنران و قارەمانەکانمان بۆ جیهانیان سەلماند زۆر لەو تیرۆریستانە بەهێزترن." 

سیروان بارزانی بە پێویستی دەزانێت "فیداکاریی و قارەمانێتیی پێشمەرگە، لە دژی داعش، لە مێژوودا بنووسرێتەوە" چونکە وەکوو خۆی گوتی "بەبێ ئەوەی چەکی قورسی هەبێت، ڕووبەڕووی هێزێک بووەوە کە جیهان سەری لێی سوڕمابوو. ڕاستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی داعش ڕۆڵیان هەبووە لە تێکشکاندنی داعش، بەڵام پێش ئەوەی هاوپەیمانییەکە دابمەزرێت، پێشمەرگە بە چەکی قورس توانی داعش تێک بشکێنێت." 

لەبارەی جموجووڵەکانی ئێستای داعش، بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخموور ئاماژەی بەوە دا "بیروۆچوونی 'جیهادی' لای چەکدارانی داعش زۆر مەترسیدارە، وەک بۆمبێکی ئامادەکراوە و دیاریش نییە کەی دەتەقێتەوە. شانە نووستووەکانیان زۆر جار لە دەرفەتێک دەگەڕێن تا هێرش بکەن. سوود لە لاوازبوونی حکوومەت، تەنانەت لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش وەردەگرن."

سیروان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو "تیرۆریستانی داعش دەرفەتێکیان بۆ بڕەخسێت، ئامادەن بە هەمان بیروباوەڕ بگەڕێنەوە، ڕاستە لە ڕووی سەربازییەوە لاواز بوون، بەڵام عەقڵییەتەکەیان هەر ماوە. بۆیە دەبێت هەموو کاتێک لە ئامادەباشیدابین، هاوکات لەگەڵ سوپای عێراق و هاوپەیمانان لە هەماهەنگیدابین، تا دووبارە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە سەرهەڵنەداتەوە." 

بەرپرسی میحوەری گوێڕ-مەخموور ڕاشیگەیاند، بۆشایی ئه‌منی له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق زۆره‌ و داعش له‌و بۆشاییانه‌دا دزه‌ ده‌كه‌ن. دووپاتی كرده‌وه‌، سه‌دا 70ـی بۆشایی ئه‌منی له‌میحوه‌ری گوێڕ و مه‌خموور پڕنه‌كراوه‌ته‌وه‌ و كێشه‌ی دروست كردووه‌؛ بۆیه‌ پێویستییان به‌وه‌یه‌ لیوا هاوبه‌شه‌كان زیادبكرێن تاکوو ڕێگری له‌ دزه‌كردنی تیرۆریستانی داعش له‌ ناوچه‌كه‌ بكرێت.