خامنەیی نوێنەرەکانی خۆی لە ناوەندەکانی بڕیاری ئەمنیدا دەستنیشان کرد

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی لاریجانی وەک نوێنەری ڕێبەر لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشان کرد.
پێنجشەممە، 7ـی ئابی 2025، عەلی خامنەیی، ڕیبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە مەرسوومێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاو کراوەتەوە، ئەرکی نوێنەرایەتیی خۆی لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بە عەلی لاریجانی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنەکە، سپارد.
خامنەیی، لە مەرسومەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە "دوای دەستنیشانکردنی عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان لە پۆستێکی گرنگی جێبەجێکاری حکوومەتیدا، بەپێی ماددەی ١٧٦ی دەستوور، لاریجانیی، وەک نوێنەری ئێمە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا دەستنیشان کرا".
ئەم دەستنیشانکردنە دوو ڕۆژ دوای مەرسومێکی سەرۆکی ئێران، مەسعود پزیشکیان، هات بۆ دانانی لاریجانی وەک سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە جێگەی عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان.
گرنگترین ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کە فەرماندەی سەربازی بوون، لە یەکەم شەوی جەنگی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیلدا کوژران، هەروەها ئەندامەکانی دیکەی ئەنجوومەنەکە، لەنێویاندا سەرۆکی ئێران، لە هێرشێکی ئیسرائیل ڕزگاریان بوو کە لە ١٦ی حوزەیرانی ڕابردوو کرایە سەر کۆبوونەوەیەکی نهێنیی کە تێیدا بەشدار بوون.
دوو ڕۆژ پێش دەستنیشانکردنی لاریجانی، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی پێکهێنانەوەی لیژنەی باڵای بەرگری پەسەند کرد، کە ئەنجومەنێکی بچووککراوەی سەر بە ئاسایشی نیشتمانییە و بایەخ بە تواناکانی بەرگری و ئامادەیی سەربازیی وڵات دەدات.
هەر ئەمڕۆ خامنەیی مەرسومێکی بۆ دەستنیشانکردنی ئەحمەدیان، کە فەرماندەی ناوەندی ستراتیجیی "سوپای پاسداران" بوو، وەک نوێنەری خۆی لە لیژنەی بەرگریدا، دەرکرد. هەروەها عەلی شەمخانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، وەک نوێنەری دووەمی خۆی، لە لیژنەکەدا دەستنیشان کرد.
لەگەڵ دەستنیشانکردنی ئەم سێ نوێنەرەی خامنەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و لیژنەی باڵای بەرگریدا، سەعید جەلیل، وەک نوێنەری دووەمی ڕێبەری ئێران لە "ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی"دا مایەوە.